عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،
بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.
2
هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.
3
کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری
لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.
4
چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی،
ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.
5
بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە،
هەموو هەڵەشەییەکیش بەرەو نەبوونییە.
6
کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ
هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.
7
زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،
چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.
8
ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،
بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.
9
باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
10
کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،
دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.
11
بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،
بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.
12
خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،
خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.
13
ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،
ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.
14
دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،
بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.
15
ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،
بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.
16
پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت
لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.
17
ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،
ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.
18
بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست،
ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.
19
باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت،
نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.
20
گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە،
بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.
21
ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت،
ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.
22
پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و
قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.
23
ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت،
خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.
24
لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت،
بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.
25
ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت،
چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،
26
بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.
27
قوربانی بەدکاران قێزەونە،
لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!
28
شایەتی درۆزن لەناودەچێت،
بەڵام شایەتیی گوێگری وریا دەچەسپێت.
29
پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات،
بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.
30
دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە
لە دژی یەزدان سەربکەوێت.
31
ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ،
بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.