عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
شه‌راب گاڵته‌جاڕه‌ و مه‌ستی غه‌ڵبه‌غه‌ڵب ده‌كات،
ئه‌وه‌ی پێی وێڵ بێت دانا نییه‌.
2
هه‌ڵچوونی پاشا وه‌ك نه‌ڕه‌ی شێره‌،
ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی بكات له‌ دژی گیانی خۆی تاوان ده‌كات.
3
وازهێنان له‌ ناكۆكی ڕێزدارییه‌ بۆ پیاو،
به‌ڵام هه‌موو گێلێك هه‌ڵیده‌گیرسێنێت.
4
له‌ زستاندا ته‌مبه‌ڵ زه‌وی ناكێڵێت،
بۆیه‌ له‌ دروێنه‌دا سواڵ ده‌كات و ده‌ستی ناكه‌وێت.
5
پلان له‌ دڵی مرۆڤدا ئاوێكی قووڵه‌،
به‌ڵام تێگه‌یشتوو ده‌ریده‌هێنێت.
6
زۆر كه‌س بانگه‌شه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ ده‌كه‌ن،
به‌ڵام كه‌سی جێگای متمانه‌ كێ ده‌یدۆزێته‌وه‌؟
7
كه‌سی ڕاستودروست به‌ ڕێگای ته‌واوی خۆیدا ده‌ڕوات،
دوای خۆی خۆزگه‌ به‌ منداڵه‌كانی ده‌خوازرێت.
8
پاشای دانیشتوو له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری،
به‌ چاوه‌كانی هه‌موو خراپه‌یه‌ك شه‌ن ده‌كات.
9
كێیه‌ ده‌ڵێت: «دڵی خۆمم بێگه‌رد ڕاگرت،
پاك بوومه‌وه‌ له‌ گوناهم»؟
10
دوو كێش و دوو پێوانه‌ی لاسه‌نگ[a] ،
هه‌ردووكیان قێزه‌ونن له‌لای یه‌زدان.
11
ته‌نانه‌ت منداڵیش به‌ كرداره‌كانی ده‌ناسرێت،
ئاخۆ كرده‌وه‌كه‌ی پاك و ڕاسته‌.
12
گوێ كه‌ ده‌بیستێت و چاو كه‌ ده‌بینێت،
یه‌زدان دروستكه‌ری هه‌ردووكیانه‌.
13
حه‌ز له‌ خه‌و مه‌كه‌ نه‌وه‌ك هه‌ژار بیت،
چاوت كراوه‌ بێت و تێر نان به‌.
14
كڕیار ده‌ڵێت: «خراپه‌، خراپه‌!»
به‌ڵام كه‌ ڕۆیشت شانازی پێوه‌ ده‌كات.
15
زێڕ هه‌یه‌ و یاقووت[b] زۆره‌،
به‌ڵام لێوی زانیاری گه‌وهه‌رێكی به‌هاداره‌.
16
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بووه‌ كه‌فیلی نامۆیه‌ك كه‌واكه‌ی لێ وه‌ربگره‌،
له‌به‌ر بێگانه‌كه‌ بارمته‌ی لێ وه‌ربگره‌.
17
به‌تامه‌ بۆ مرۆڤ نانی به‌ فێڵ،
به‌ڵام دواتر ده‌می پڕ ده‌بێت له‌ چه‌و.
18
پلانه‌كان به‌ ئامۆژگاری دێنه‌ دی،
به‌ ڕاوێژ بجه‌نگه‌.
19
ده‌مشڕ نهێنی ئاشكرا ده‌كات،
بۆیه‌ تێكه‌ڵی چه‌نه‌باز مه‌به‌.
20
ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت له‌ دایك و باوكی بكات،
له‌ناو جه‌رگه‌ی تاریكیدا چرای ده‌كوژرێته‌وه‌.
21
میراتێك له‌ سه‌ره‌تای ژیان و به‌ زوویی ده‌ست بكه‌وێت
كۆتاییه‌كه‌ی بێ به‌ره‌كه‌ت ده‌بێت.
22
مه‌ڵێ: «خراپه‌ به‌ خراپه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌.»
چاوه‌ڕێی یه‌زدان بكه‌ ڕزگارت ده‌كات.
23
یه‌زدان قێزی له‌ به‌كارهێنانی دوو كێشی جیاواز ده‌بێته‌وه‌،
ته‌رازووی لاسه‌نگ باش نییه‌.
24
هه‌نگاوه‌كانی مرۆڤ له‌ یه‌زدانه‌وه‌یه‌،
ئیتر مرۆڤ چۆن له‌ ڕێگای خۆی تێده‌گات؟
25
ته‌ڵه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ سه‌ره‌ڕۆیی نه‌زرێك ته‌رخان بكات،
ئینجا پاش نه‌زره‌كه‌ پرسوڕا بكات.
26
پاشای دانا به‌دكاران شه‌ن ده‌كات،
به‌ جه‌نجه‌ڕ به‌سه‌ریاندا دێت.
27
چرای یه‌زدان ڕۆحی مرۆڤ ده‌پشكنێت،
هه‌روه‌ها هه‌موو ناخی ده‌روونیش.
28
خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و دڵسۆزی پاشا ده‌پارێزن،
به‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ ته‌ختی ده‌چه‌سپێت.
29
شانازی لاوان هێزیانه‌،
ڕیش سپیێتیش شكۆمه‌ندی پیرانه‌.
30
برینی لێدان خراپه‌ پاك ده‌كاته‌وه‌،
لێدانی قامچیش ناخی ده‌روون.
  1. a. 20‏:10 به‌كارهێنانی دوو كێشی جیاواز، یه‌كێك بۆ كڕین و یه‌كێك بۆ فرۆشتن.
  2. b. 20‏:15 یاقووت: گه‌وهه‌ری سووری تۆخ.