عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
دڵی پاشا له‌ناو ده‌ستی یه‌زدان جۆگه‌ی ئاوه‌،
بۆ كوێ بیه‌وێت ئاراسته‌ی ده‌كات.
2
هه‌موو ڕێگاكانی مرۆڤ له‌به‌رچاوی خۆی ڕاسته‌،
به‌ڵام یه‌زدان دڵه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
3
كاركردن به‌ ڕاستودروستی و دادپه‌روه‌ری
له‌لای یه‌زدان له‌ قوربانی سه‌ربڕین په‌سه‌ندتره‌.
4
چاوی به‌فیز و دڵی له‌خۆبایی
چرای به‌دكارانن و گوناهن.
5
پلانی مرۆڤی ماندوو به‌ره‌و پڕییه‌،
بێگومان هه‌موو هه‌ڵه‌شه‌یه‌كیش به‌ره‌و نه‌بوونییه‌.
6
كۆكردنه‌وه‌ی سامان به‌ زمانی درۆ
هه‌ڵمه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و ته‌ڵه‌ی مردنه‌.
7
زۆرداری به‌دكاره‌كان ڕایانده‌ماڵێت،
چونكه‌ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ دادپه‌روه‌ری بكه‌ن.
8
ڕێگای پیاوی تاوانبار خواره‌،
به‌ڵام كه‌سی پاك كرداری ڕاسته‌.
9
باشتره‌ له‌ گۆشه‌ی سه‌ربانێك نیشته‌جێ بیت،
نه‌ك ماڵێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژنێكی شه‌ڕانی.
10
كه‌سی به‌دكار ئاره‌زووی خراپه‌ ده‌كات،
دراوسێكه‌ی به‌زه‌یی لێی نابینێت.
11
به‌ سزادانی گاڵته‌جاڕ ساویلكه‌ دانا ده‌بێت،
به‌ فێركردنی داناش زانیاری وه‌رده‌گرێت.
12
خودای ڕاستودروست سه‌رنج ده‌داته‌ ماڵی خراپه‌كار،
خراپه‌كاران له‌ خراپه‌ سه‌ره‌وژێر ده‌كات.
13
ئه‌وه‌ی گوێی خۆی له‌ هاواری هه‌ژاران كه‌ڕ بكات،
ئه‌ویش هاوار ده‌كات و وه‌ڵام نادرێته‌وه‌.
14
دیاری به‌ نهێنی تووڕه‌یی سارد ده‌كاته‌وه‌،
به‌رتیلی ناو باخه‌ڵیش هه‌ڵچوونی توند.
15
ئه‌نجامدانی دادپه‌روه‌ری دڵخۆشی ڕاستودروستانه‌،
به‌ڵام تۆقاندنی به‌دكارانه‌.
16
پیاو له‌ ڕێگای وریایی وێڵ بێت
له‌ناو كۆمه‌ڵی مردووان پاڵده‌داته‌وه‌.
17
ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ ڕابواردن بێت هه‌ژار ده‌بێت،
ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌ شه‌راب و ڕۆن بكات ده‌وڵه‌مه‌ند نابێت.
18
به‌دكار ده‌بێته‌ قوربانی بۆ كه‌سی ڕاستودروست،
ناپاكانیش بۆ سه‌رڕاستان.
19
باشتره‌ له‌ چۆڵه‌وانی نیشته‌جێ بیت،
نه‌ك له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی شه‌ڕانی و تووڕه‌.
20
گه‌نجینه‌ی خۆراكی باش و ڕۆن له‌ ماڵی كه‌سی دانا هه‌یه‌،
به‌ڵام كه‌سی گێل هه‌ڵده‌لووشێت.
21
ئه‌وه‌ی دوای ڕاستودروستی و خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ بكه‌وێت،
ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری ده‌دۆزێته‌وه‌.
22
پیاوی دانا به‌ شاری پاڵه‌وانه‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و
قه‌ڵا پشتبه‌سته‌كه‌یان وێران ده‌كات.
23
ئه‌وه‌ی ده‌م و زمانی خۆی بپارێزێت،
خۆی له‌ ته‌نگانه‌ ده‌پارێزێت.
24
لووتبه‌رز و له‌خۆبایی به‌ گاڵته‌جاڕ ناوده‌بردرێت،
به‌ لێشاوی لووتبه‌رزییه‌وه‌ ڕه‌فتار ده‌كات.
25
ئاره‌زووی كه‌سی ته‌مبه‌ڵ ده‌یكوژێت،
چونكه‌ ده‌سته‌كانی ئیش ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌،
26
به‌ درێژایی ڕۆژ تامه‌زرۆی ئاره‌زووه‌،
به‌ڵام كه‌سی ڕاستودروست ده‌به‌خشێت و ده‌ستی پێوه‌ ناگرێت.
27
قوربانی به‌دكاران قێزه‌ونه‌،
له‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر به‌ نیازێكی خراپه‌وه‌ بیكات!
28
شایه‌تی درۆزن له‌ناوده‌چێت،
به‌ڵام قسه‌ی پیاوی گوێگر ده‌چه‌سپێت.
29
پیاوی به‌دكار ناوچه‌وانی خۆی گرژ ده‌كات،
به‌ڵام سه‌رڕاست ئاگای له‌ ڕێگای خۆیه‌تی.
30
دانایی و تێگه‌یشتن و ڕاوێژ نییه‌
له‌ دژی یه‌زدان سه‌ربكه‌وێت.
31
ئه‌سپ ئاماده‌یه‌ بۆ ڕۆژی جه‌نگ،
به‌ڵام ڕزگاری له‌ یه‌زدانه‌وه‌یه‌.