عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،
 بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.
- 2
- هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
 بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.
- 3
- کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری
 لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.
- 4
- چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی،
 ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.
- 5
- بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە،
 هەموو هەڵەشەییەکیش بەرەو نەبوونییە.
- 6
- کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ
 هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.
- 7
- زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،
 چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.
- 8
- ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،
 بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.
- 9
- باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
 نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.
- 10
- کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،
 دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.
- 11
- بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،
 بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.
- 12
- خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،
 خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.
- 13
- ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،
 ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.
- 14
- دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،
 بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.
- 15
- ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،
 بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.
- 16
- پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت
 لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.
- 17
- ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،
 ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.
- 18
- بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست،
 ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.
- 19
- باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت،
 نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.
- 20
- گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە،
 بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.
- 21
- ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت،
 ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.
- 22
- پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و
 قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.
- 23
- ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت،
 خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.
- 24
- لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت،
 بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.
- 25
- ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت،
 چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،
- 26
- بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە،
 بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.
- 27
- قوربانی بەدکاران قێزەونە،
 لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!
- 28
- شایەتی درۆزن لەناودەچێت،
 بەڵام شایەتیی گوێگری وریا دەچەسپێت.
- 29
- پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات،
 بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.
- 30
- دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە
 لە دژی یەزدان سەربکەوێت.
- 31
- ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ،
 بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.

