عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
هه‌ژارێك ڕێگای ته‌واوه‌تی گرتبێت
باشتره‌ له‌وه‌ی زمان خوار و گێله‌.
2
دڵگه‌رمی به‌بێ زانیاری باش نییه‌ و
ئه‌وه‌ی په‌له‌ به‌ پێیه‌كانی بكات به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چێت.
3
مرۆڤ به‌ گێلایه‌تییه‌كه‌ی ڕێگای خۆی وێران ده‌كات،
كه‌چی دڵی له‌ دژی یه‌زدان هه‌ڵده‌چێت.
4
ده‌وڵه‌مه‌ندیێتی براده‌ری زۆر په‌یدا ده‌كات،
به‌ڵام هه‌ژار براده‌ره‌كه‌شی لێی جیا بووه‌ته‌وه‌.
5
شایه‌تی درۆزن بێ سزا نابێت،
ئه‌وه‌ی درۆ په‌خش ده‌كات ده‌رباز نابێت.
6
زۆر كه‌س هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی میر ده‌ده‌ن،
هه‌مووش دۆستی پیاوی به‌خشنده‌ن.
7
پیاو هه‌ژار بێت براكانی خۆشی ڕقیان لێی ده‌بێته‌وه‌،
له‌وه‌ش زیاتر هاوڕێیه‌كانی لێی دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌!
به‌ پاڕانه‌وه‌كانی دوایان ده‌كه‌وێت،
به‌ڵام بێ سووده‌.
8
ئه‌وه‌ی دانایی ده‌ست بكه‌وێت خۆی خۆشده‌وێت،
ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ تێگه‌یشتن بدات چاكه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.
9
شایه‌تی درۆزن بێ سزا نابێت،
ئه‌وه‌ی درۆ په‌خش بكات له‌ناوده‌چێت.
10
گێل خۆشگوزه‌رانیی لێ ناوه‌شێته‌وه‌،
له‌وه‌ش زیاتر ده‌سه‌ڵاتداربوونی كۆیله‌ به‌سه‌ر میرانه‌وه‌.
11
وریایی مرۆڤ تووڕه‌بوونی خاوده‌كاته‌وه‌،
شانازیشی لێبوردنه‌ له‌ یاخیبوون.
12
هه‌ڵچوونی پاشا وه‌ك نه‌ڕه‌ی شێره‌،
به‌ڵام ڕه‌زامه‌ندییه‌كه‌ی وه‌ك شه‌ونمه‌ به‌سه‌ر گیاوه‌.
13
كوڕی گێل ماڵوێرانی باوكییه‌تی،
ناكۆكی ژنیش دڵۆپه‌كردنی به‌رده‌وامه‌.
14
ماڵ و سامان میراتی باوكانه‌،
به‌ڵام ژنی وریا له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌یه‌.
15
ته‌مبه‌ڵی خه‌وی قووڵ ده‌هێنێت،
كه‌سی سست برسی ده‌بێت.
16
ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌[a] بپارێزێت گیانی خۆی ده‌پارێزێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ سووكی بڕوانێته‌ ڕێگای خۆی له‌ناوده‌چێت.
17
ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌ هه‌ژاردا بێته‌وه‌ قه‌رز به‌ یه‌زدان ده‌دات،
ئه‌ویش پاداشتی چاكه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌.
18
كوڕه‌كه‌ت ته‌مبێ بكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئومێد تێدایه‌،
به‌ڵام به‌ كوشتنی مه‌ده‌.
19
ئه‌وه‌ی زۆر تووڕه‌ بێت به‌رگه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌گرێت،
چونكه‌ ئه‌گه‌ر جارێك فریای بكه‌ویت ده‌بێت دووباره‌ی بكه‌یته‌وه‌.
20
گوێ له‌ ڕاوێژ بگره‌ و ته‌مبێكردن وه‌ربگره‌،
بۆ ئه‌وه‌ی دانا بیت له‌ دواڕۆژت.
21
مرۆڤ پلانی زۆری له‌ دڵدایه‌،
به‌ڵام ته‌نها ڕاوێژی یه‌زدان ده‌چه‌سپێت.
22
ئاره‌زووی مرۆڤ له‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕه‌،
هه‌ژار له‌ پیاوی درۆزن باشتره‌.
23
له‌خواترسی بۆ ژیانه‌،
به‌ تێری ده‌نوێت و خراپه‌ به‌سه‌ری ناكاته‌وه‌.
24
ته‌مبه‌ڵ ده‌ست ده‌خاته‌ ناو قاپ،
ته‌نانه‌ت بۆ ده‌میشی نابات.
25
له‌ گاڵته‌جاڕ بده‌ و ساویلكه‌ ژیر ده‌بێت،
تێگه‌یشتوو سه‌رزه‌نشت بكه‌ زانیاری تێده‌گات.
26
ئه‌وه‌ی باوكی تاڵان بكات و دایكی ده‌ربكات،
كوڕێكه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و ڕیسوایی.
27
ڕۆڵه‌، ئه‌گه‌ر وازت له‌ گوێگرتن هێنا له‌ ڕاوێژ،
له‌ وته‌كانی زانیاری گومڕا ده‌بیت.
28
شایه‌تی دڵڕه‌ش گاڵته‌ به‌ دادپه‌روه‌ری ده‌كات،
ده‌می به‌دكارانیش تاوان قووت ده‌دات.
29
سزا بۆ گاڵته‌جاڕه‌كان ئاماده‌كراوه‌،
لێدانیش بۆ پشتی گێله‌كان.
  1. a. 19‏:16 ته‌وراتی موسا.