عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خراپیی زمان
 - 1
 - خوشکان و برایانم، زۆرتان مەبنە فێرکار، بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت.
 - 2
 - هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین. ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات، ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.
 - 3
 - ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین.
 - 4
 - سەیری کەشتی بکەن، هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات، کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات.
 - 5
 - بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام شانازی بە لەخۆباییبوونەوە دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ.
 - 6
 - زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.
 - 7
 - مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی،
 - 8
 - بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەیەکە ناگیرێت، پڕە لە ژەهری کوشندە.
 - 9
 - بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین، هەر بە هەمان زمانیش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون.
 - 10
 - ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە. خوشکان و برایانم، ئەمە پەسەند نییە.
 - 11
 - ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟
 - 12
 - خوشکان و برایانم، ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت، یان مێو هەنجیر؟ بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
 - دانایی خودایی
 - 13
 - کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی نیشانی بدات، هەروەها بەو کارانەی کە بە بێفیزییەوە ئەنجامی دەدات و لە داناییەوە سەرچاوە دەگرێت.
 - 14
 - بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن.
 - 15
 - ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە،
 - 16
 - چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
 - 17
 - بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر و دووڕوو نییە.
 - 18
 - ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
 

