عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خراپی زمان 
1
خوشكان و برایانم، زۆرتان مه‌بنه‌ فێركار، بزانن لێپرسینه‌وه‌ی قورسترمان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
2
هه‌موومان له‌ زۆر شت هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر یه‌كێك هه‌یه‌ له‌ قسه‌كردندا هه‌ڵه‌ ناكات، ئه‌وه‌ مرۆڤێكی ته‌واوه‌ و ده‌توانێت جڵه‌وی هه‌موو جه‌سته‌ی بگرێته‌ ده‌ست.
3
ئێمه‌ لغاو ده‌كه‌ینه‌ ده‌می ئه‌سپ تاكو گوێڕایه‌ڵمان بێت و هه‌موو له‌شی ئاراسته‌ بكه‌ین.
4
سه‌یری كه‌شتی بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ و بای به‌هێز ده‌یبات، كه‌چی به‌ سه‌وڵێكی بچووك بۆ هه‌ر لایه‌ك كه‌شتیوان بیه‌وێت ئاراسته‌ی ده‌كات.
5
به‌ هه‌مان شێوه‌ زمانیش ئه‌ندامێكی بچووكه‌، به‌ڵام به‌ له‌خۆباییبوونه‌وه‌ شانازی ده‌كات. ئاگرێكی بچووك چ دارستانێكی گه‌وره‌ ده‌سووتێنێ.
6
زمان ئاگره‌، جیهانێكه‌ له‌ خراپه‌ له‌نێو ئه‌ندامانی له‌شمان. زمان هه‌موو له‌ش گڵاو ده‌كات، ئاگر له‌ ژیان به‌رده‌دات و خۆی به‌ گڕی دۆزه‌خ داده‌گیرسێت.
7
مرۆڤ ده‌توانێت هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێكی كێوی و باڵنده‌ و خشۆك و بوونه‌وه‌رێكی ئاوی ده‌سته‌مۆ بكات و كردووشیه‌تی،
8
به‌ڵام كه‌س ناتوانێت زمان ده‌سته‌مۆ بكات. خراپه‌یه‌كه‌ ناگیرێت، پڕه‌ له‌ ژه‌هری كوشنده‌.
9
به‌ زمان ستایشی یه‌زدان و خودای باوك ده‌كه‌ین، هه‌ر به‌مه‌ش نه‌فره‌ت له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ شێوه‌ی خودا دروستكراون.
10
ستایش و نه‌فره‌ت له‌ هه‌مان ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌. خوشكان و برایانم، ئه‌مه‌ په‌سه‌ند نییه‌.
11
ئایا له‌ یه‌ك كانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هه‌ڵده‌قوڵێت؟
12
خوشكان و برایانم، ئایا دار هه‌نجیر زه‌یتوون ده‌گرێت، یان مێو هه‌نجیر؟ به‌م شێوه‌یه‌ش كانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
دانایی خودایی 
13
كێ له‌نێوتاندا دانا و تێگه‌یشتووه‌؟ با به‌ ڕه‌وشتی باشی كرداره‌كانی پیشان بدات كه‌ به‌ بێفیزییه‌ك كه‌ له‌ داناییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت.
14
به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوپیسی تاڵ و خۆپه‌رستیتان له‌ دڵدا بوو، شانازی مه‌كه‌ن یان نكۆڵی له‌ ڕاستی مه‌كه‌ن.
15
ئه‌م داناییه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانه‌به‌زیوه‌، به‌ڵكو دنیایی و مرۆڤانه‌ و شه‌یتانییه‌،
16
چونكه‌ چاوپیسی و خۆپه‌رستی له‌كوێ بێت، گێره‌شێوێنی و هه‌موو كارێكی خراپ له‌وێیه‌.
17
به‌ڵام ئه‌و داناییه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، له‌پێش هه‌موو شتێك پاكه‌، دواتر ئاشتیخوازه‌، خۆنه‌ویسته‌، گوێڕایه‌ڵه‌، پڕ له‌ به‌زه‌ییه‌ و به‌روبوومی چاكه‌، لایه‌نگر نییه‌، دووڕوو نییه‌.
18
ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی ده‌چێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌ی ڕاستودروستی ده‌بێت.