عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئیسحاق و ڕڤقە
 - 1
 - ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد.
 - 2
 - ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەموو شتێکی ئەوی لەژێر دەستدا بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم.
 - 3
 - سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم.
 - 4
 - بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ ئیسحاقی کوڕم دەهێنیت.»
 - 5
 - خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
 - 6
 - ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ.
 - 7
 - یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی هێنایە دەرەوە، ئەوەی قسەی لەگەڵ کردم و سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت.
 - 8
 - خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.»
 - 9
 - ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
 - 10
 - ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی و هەموو شتە باشەکانی ئەوی لەگەڵ خۆی برد و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[a] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر.
 - 11
 - دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان، لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[b]  وشترەکانی خست.
 - 12
 - ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە و چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە.
 - 13
 - من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
 - 14
 - با ئەو کچەی کە پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت بۆ ئیسحاقی خزمەتکارت هەڵبژاردبێت. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
 - 15
 - پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، کە ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.
 - 16
 - کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
 - 17
 - خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
 - 18
 - ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
 - 19
 - دوای ئەوەی ئاوی دایێ و گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.»
 - 20
 - ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە تاکو ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان.
 - 21
 - پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
 - 22
 - کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[c] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو.
 - 23
 - ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان کە شەو تێیدا بمێنینەوە؟»
 - 24
 - ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.»
 - 25
 - پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
 - 26
 - ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد،
 - 27
 - ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییەکەی لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم نەهێنا. یەزدان لە گەشتەکەمدا بەرەو ماڵی براکانی گەورەکەم ڕێنمایی کردم.»
 - 28
 - کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند.
 - 29
 - ڕڤقە برایەکی هەبوو بە ناوی لابان، ئیتر لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، کە لە لای کانییەکە بوو.
 - 30
 - هەرکە خەزێم[d] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە.
 - 31
 - ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ من ماڵم بۆ تۆ و شوێنیشم بۆ وشترەکان ئامادە کردووە.»
 - 32
 - ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون.
 - 33
 - ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»
لابانیش گوتی: «قسە بکە.» - 34
 - ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم.
 - 35
 - یەزدان گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە و دەوڵەمەند بووە. ئەو مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی پێ بەخشیوە.
 - 36
 - سارای ژنی گەورەکەم لە کاتی پیریدا کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، کە هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو.
 - 37
 - گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم.
 - 38
 - بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
 - 39
 - «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
 - 40
 - «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، بۆ ئەوەی لە کەسوکارەکەم و ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم بخوازیت.
 - 41
 - ئەگەر بێتو بچیتە لای کەسوکارەکەم و ئەوان ژنت نەدەنێ، ئەوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێتەوە. ئینجا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
 - 42
 - «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم،
 - 43
 - ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، با ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘
 - 44
 - ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها بۆ وشترەکانیشت ئاو دەکێشم.‘ ئەوە ئەو کچە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
 - 45
 - «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
 - 46
 - «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
 - 47
 - «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“
«ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“
«خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد. - 48
 - منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم.
 - 49
 - ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم بڵێن، ئەگەر ناشیکەن، هەر پێم بڵێن، بۆ ئەوەی بزانم ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
 - 50
 - لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین.
 - 51
 - ئەوە ڕڤقە لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
 - 52
 - ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
 - 53
 - ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای پێشکەشی دایک و براکەی کرد.
 - 54
 - ئیتر خۆی و ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و شەو لەوێ مانەوە.
کە بەیانی لە خەو هەستان، خزمەتکارەکە گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.» - 55
 - بەڵام دایک و برای ڕڤقە گوتیان: «با کچەکە بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ لەلامان بمێنێتەوە، پاشان بەڕێ بکەوێت.»
 - 56
 - ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»
 - 57
 - ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.»
 - 58
 - ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟»
ئەویش گوتی: «دەڕۆم.» - 59
 - ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد.
 - 60
 - داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت:
«خوشکمان،
پتر بن هەزار لەسەر هەزار،
با نەوەکانیشت
ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.» - 61
 - ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.
 - 62
 - ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە.
 - 63
 - ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن.
 - 64
 - ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی.
 - 65
 - بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟»
خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی. - 66
 - ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە.
 - 67
 - ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد. ئیتر بوو بە ژنی و خۆشیویست و بووە مایەی دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.
 
- a. 24:10 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.
 - b. 24:11 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.
 - c. 24:22 نیو شاقل: نزیکەی مسقالێک یان 5,5 گرام.
 - d. 24:30 لووتەوانە.
 

