عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئیسحاق و ڕڤقە 
1
ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد.
2
ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەموو شتێکی ئەوی لەژێر دەستدا بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم.
3
سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم.
4
بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ ئیسحاقی کوڕم دەهێنیت.»
5
خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
6
ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ.
7
یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی هێنایە دەرەوە، ئەوەی قسەی لەگەڵ کردم و سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت.
8
خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.»
9
ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
10
ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی و هەموو شتە باشەکانی ئەوی لەگەڵ خۆی برد و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[a] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر.
11
دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان، لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[b] وشترەکانی خست.
12
ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە و چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە.
13
من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
14
با ئەو کچەی کە پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت بۆ ئیسحاقی خزمەتکارت هەڵبژاردبێت. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
15
پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، کە ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.
16
کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
17
خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
18
ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
19
دوای ئەوەی ئاوی دایێ و گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.»
20
ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە تاکو ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان.
21
پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
22
کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[c] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو.
23
ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان کە شەو تێیدا بمێنینەوە؟»
24
ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.»
25
پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
26
ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد،
27
ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییەکەی لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم نەهێنا. یەزدان لە گەشتەکەمدا بەرەو ماڵی براکانی گەورەکەم ڕێنمایی کردم.»
28
کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند.
29
ڕڤقە برایەکی هەبوو بە ناوی لابان، ئیتر لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، کە لە لای کانییەکە بوو.
30
هەرکە خەزێم[d] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە.
31
ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ من ماڵم بۆ تۆ و شوێنیشم بۆ وشترەکان ئامادە کردووە.»
32
ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون.
33
ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»
لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
34
ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم.
35
یەزدان گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە و دەوڵەمەند بووە. ئەو مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی پێ بەخشیوە.
36
سارای ژنی گەورەکەم لە کاتی پیریدا کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، کە هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو.
37
گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم.
38
بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
39
«منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
40
«ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، بۆ ئەوەی لە کەسوکارەکەم و ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم بخوازیت.
41
ئەگەر بێتو بچیتە لای کەسوکارەکەم و ئەوان ژنت نەدەنێ، ئەوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێتەوە. ئینجا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
42
«جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم،
43
ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، با ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘
44
ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها بۆ وشترەکانیشت ئاو دەکێشم.‘ ئەوە ئەو کچە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
45
«ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
46
«ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
47
«پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“
«ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“
«خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد.
48
منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم.
49
ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم بڵێن، ئەگەر ناشیکەن، هەر پێم بڵێن، بۆ ئەوەی بزانم ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
50
لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین.
51
ئەوە ڕڤقە لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
52
ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
53
ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای پێشکەشی دایک و براکەی کرد.
54
ئیتر خۆی و ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و شەو لەوێ مانەوە.
کە بەیانی لە خەو هەستان، خزمەتکارەکە گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.»
55
بەڵام دایک و برای ڕڤقە گوتیان: «با کچەکە بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ لەلامان بمێنێتەوە، پاشان بەڕێ بکەوێت.»
56
ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»
57
ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.»
58
ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟»
ئەویش گوتی: «دەڕۆم.»
59
ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد.
60
داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت:
«خوشکمان،
پتر بن هەزار لەسەر هەزار،
با نەوەکانیشت
ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.»
61
ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.
62
ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە.
63
ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن.
64
ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی.
65
بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟»
خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی.
66
ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە.
67
ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد. ئیتر بوو بە ژنی و خۆشیویست و بووە مایەی دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.
  1. a. 24‏:10 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.‏
  2. b. 24‏:11 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏
  3. c. 24‏:22 نیو شاقل: نزیکەی مسقالێک یان 5,5 گرام.‏
  4. d. 24‏:30 لووتەوانە.‏