عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مردنی ئیبراهیم 
1
ئیبراهیم ژنێكی دیكه‌ی هێنا كه‌ ناوی قه‌توره‌ بوو،
2
له‌ویش زیمران، یۆقشان، مه‌دان، میدیان، یه‌شباق و شوه‌حی بوو.
3
یۆقشان باوكی شه‌با و دیدان بوو. وه‌چه‌كانی دیدانیش، ئه‌شووری و له‌توشی و له‌ئومییه‌كان بوون.
4
كوڕه‌كانی میدیانیش عێفا، عێفه‌ر، حه‌نۆك، ئه‌بیداع و ئه‌لداعه‌ بوون. هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی قه‌توره‌ بوون.
5
ئیبراهیم هه‌رچی ماڵوموڵكی هه‌بوو دایه‌ ئیسحاق،
6
به‌ڵام كاتێك هێشتا له‌ ژیاندا بوو، دیاری به‌و كوڕانه‌ی دا كه‌ له‌ كه‌نیزه‌كانی بوون و به‌ره‌و خاكی ڕۆژهه‌ڵات ناردنی، دوور له‌ ئیسحاقی كوڕی.
7
ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نی ئیبراهیمه‌، سه‌د و حه‌فتا و پێنج ساڵ ژیا.
8
ئینجا ئیبراهیم له‌ ته‌مه‌نێكی باشی پیریدا، دواهه‌ناسه‌ی دا و مرد، پیره‌مێردێكی تێر له‌ ژیان خواردوو، ئیتر چووه‌وه‌ پاڵ گه‌له‌كه‌ی خۆی.
9
هه‌ردوو كوڕه‌كه‌شی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان له‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی مه‌خپێله‌ كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌مرێیه‌ به‌ خاكیان سپارد، له‌ كێڵگه‌كه‌ی عه‌فرۆنی كوڕی چۆحه‌ری حیتی.
10
ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی ئیبراهیم له‌ حیتییه‌كان كڕی. له‌وێ ئیبراهیم له‌گه‌ڵ سارای ژنی به‌ خاك سپێردرا.
11
دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی كوڕی به‌ره‌كه‌تدار كرد. ئیسحاقیش له‌لای بیری له‌حه‌ی ڕۆئییه‌وه‌ نیشته‌جێ بوو.
نه‌وه‌كانی ئیسماعیل 
12
ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌كانی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیمن كه‌ له‌ هاجه‌ری میسرییه‌وه‌، كه‌نیزه‌كه‌ی سارا كه‌ بۆ ئیبراهیمی بوو.
13
ئه‌مانه‌ش ناوی كوڕه‌كانی ئیسماعیلن، ناویان به‌پێی له‌دایكبوونیان: نه‌بایۆت كه‌ نۆبه‌ره‌ی ئیسماعیل بوو، هه‌روه‌ها قێدار[a] ، ئه‌دبه‌ئێل، میبسام،
14
میشماع، دوما، مه‌سسا،
15
حه‌ده‌د، تێما، یه‌تور، نافیش و قێدما.
16
ئه‌مانه‌ كوڕه‌كانی ئیسماعیل بوون، ئه‌مانه‌ن ناوی هه‌وار و خێوه‌تگاكانیان، دوازده‌ میر به‌پێی هۆزه‌كانیان.
17
ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نی ئیسماعیل بوو، سه‌د و سی و حه‌وت ساڵ بوو. ئینجا دواهه‌ناسه‌ی دا و مرد، ئیتر چووه‌وه‌ پاڵ گه‌له‌كه‌ی خۆی.
18
نه‌وه‌كه‌ی له‌ حه‌ڤیلاوه‌ هه‌تا شوور نیشته‌جێ بوون، سنووره‌كه‌یان له‌ نزیك سنووری میسر بوو له‌سه‌ر ڕێگای ئه‌شوور، به‌رامبه‌ر هه‌موو براكانیان دوژمنایه‌تییان ده‌كرد.[b]
یاقوب و عیسۆ 
19
ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌كانی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیمن.
ئیبراهیم ئیسحاقی بوو.
20
ئیسحاق ته‌مه‌نی چل ساڵ بوو كاتێك ڕڤقه‌ی كچی بتوئێلی ئارامی كه‌ خوشكی لابانی ئارامی بوو له‌ په‌دان ئارامه‌وه‌ هێنای هه‌تا ببێته‌ ژنی.
21
ئیسحاق له‌ پێناو ژنه‌كه‌ی له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌، چونكه‌ نه‌زۆك بوو. یه‌زدانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و ڕڤقه‌ی ژنی سكپڕ بوو.
22
هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ له‌ سكیدا ململانێی یه‌كتریان ده‌كرد، ئه‌ویش گوتی: «بۆچی ئه‌مه‌ له‌ من ڕووده‌دات؟» ئیتر چوو هه‌تا پرسیار له‌ یه‌زدان بكات.
23
یه‌زدانیش پێی فه‌رموو:
«دوو نه‌ته‌وه‌ له‌ منداڵدانتن،
دوو گه‌ل له‌ هه‌ناوته‌وه‌ له‌ یه‌ك جیا ده‌بنه‌وه‌،
گه‌لێكیان له‌ گه‌له‌كه‌ی دیكه‌ به‌هێزتر ده‌بێت،
گه‌وره‌كه‌ خزمه‌تی بچووكه‌كه‌ ده‌كات.»
24
كه‌ ڕۆژانی خۆی ته‌واو كرد و هاته‌ سه‌ر منداڵبوون، بێگومان دووانه‌یه‌ك[c] له‌ منداڵدانی بوو.
25
ئه‌وه‌یان كه‌ یه‌كه‌م جار له‌دایك بوو سوور بوو، هه‌موو له‌شی وه‌ك كه‌وڵێكی تووكن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ[d] .
26
دوای ئه‌مه‌ براكه‌ی له‌دایك بوو، به‌ ده‌ستیشی پاژنه‌ پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب[e] . ئیسحاق له‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیدا بوو كاتێك ڕڤقه‌ ئه‌مانی بوو.
27
هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ گه‌وره‌ بوون، عیسۆ بووه‌ پیاوێكی شاره‌زا له‌ ڕاو، پیاوی ده‌شتوده‌ر، به‌ڵام یاقوب پیاوێكی له‌سه‌رخۆ و چادرنشین بوو.
28
ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونكه‌ حه‌زی له‌ گۆشتی نێچیر بوو، به‌ڵام ڕڤقه‌ یاقوبی خۆشده‌ویست.
29
ڕۆژێك یاقوب چێشتی لێده‌نا، عیسۆ له‌ ده‌شتوده‌ر هاته‌وه‌ و په‌كی كه‌وتبوو.
30
عیسۆ به‌ یاقوبی گوت: «هه‌ندێكم له‌و چێشته‌ سووره‌ بده‌رێ! چونكه‌ په‌كم كه‌وتووه‌.» له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ناوی لێنرا ئه‌دۆم[f] .
31
یاقوبیش گوتی: «تۆش ئه‌مڕۆ نۆبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی خۆتم پێ بفرۆشه‌.»
32
عیسۆ گوتی: «من وا خه‌ریكه‌ ده‌مرم، ئیتر نۆبه‌رایه‌تیم بۆ چییه‌؟»
33
به‌ڵام یاقوب گوتی: «ئاده‌ی ئه‌مڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئه‌ویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی خۆی فرۆشته‌ یاقوب.
34
ئینجا یاقوب نان و نیسكی دایه‌ عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیه‌وه‌، هه‌ستا و ڕۆیشت.
بۆیه‌ عیسۆ سووكایه‌تی به‌ نۆبه‌رایه‌تی كرد.
  1. a. 25‏:13 دووه‌م كوڕی ئیسماعیله‌ و باوكی به‌ناوبانگترین هۆزی عه‌ره‌به‌، كه‌ له‌ بیابانی سوریا نیشته‌جێ بوون.
  2. b. 25‏:18 دوژمنایه‌تی: بڕوانه‌ 16‏:12 و \+xt زه‌بووره‌كان 120‏:5‏-7.‏\+xt*‏
  3. c. 25‏:24 جمك
  4. d. 25‏:25 عیسۆ واتای تووكن. نازناوه‌كه‌شی (ئه‌دۆم) بوو، واته‌ سوور.
  5. e. 25‏:26 (یاقوب) واته‌ پاژنه‌ ده‌گرێت، واتایه‌كی مه‌جازییه‌ واته‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت. \+xt بڕوانه‌ 27‏:36‏\+xt*.
  6. f. 25‏:30 ئه‌دۆم واتای سووره‌یه‌.