عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،
فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە، - 2
- چونکە ڕۆژگاری درێژ و
ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات. - 3
- با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،
بە ملتەوە گرێیان بدە،
لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. - 4
- ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت
لەلای خودا و خەڵک. - 5
- پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و
بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. - 6
- لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،
ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. - 7
- لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،
لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. - 8
- دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و
خۆراک بۆ ئێسقانەکانت. - 9
- بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،
بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت. - 10
- ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،
قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ. - 11
- ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، - 12
- چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و
وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. - 13
- خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و
بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، - 14
- چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و
بەرهەمیشی لە زێڕ. - 15
- لە یاقووت بەهادارترە و
هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. - 16
- تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و
دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. - 17
- ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و
هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. - 18
- درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. - 19
- یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،
بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. - 20
- بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون،
هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. - 21
- ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،
ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، - 22
- دەبنە ژیان بۆ تۆ،
ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. - 23
- ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و
ساتمە ناکەیت و ناکەویت. - 24
- کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،
ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. - 25
- نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و
نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، - 26
- چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و
پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت. - 27
- دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن،
کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت. - 28
- بە کەس[a] مەڵێ:
«بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،»
لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە. - 29
- پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە،
لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە. - 30
- لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە،
ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد. - 31
- بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە،
هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە، - 32
- چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە،
بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە. - 33
- نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە،
بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات. - 34
- هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات،
بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان. - 35
- داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن،
بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.
- a. 3:28 کەس: لە زمانی عیبری ئەم وشەیە بەم واتایانە دێت: (نزیکەکەت، برادەر، دراوسێ، هاوکار، هاوڕێ، هاوڵاتی). بڕوانە دواوتار 15:2 و لۆقا 10:29.