عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- فریشتەی یەزدان لە بۆخیم
- 1
- ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم.
- 2
- ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟
- 3
- لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»
- 4
- کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان.
- 5
- بۆیە ئەو شوێنەیان ناو نا بۆخیم[a] و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.
- یاخیبوون و بەزین
- 6
- دوای ئەوەی کە یەشوع گەلەکەی ڕەوانە کردبوو، نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چوونە لای میراتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرن.
- 7
- گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
- 8
- یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد.
- 9
- لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس[b] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
- 10
- هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو.
- 11
- ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست[c] .
- 12
- وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دەوروبەریان کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن،
- 13
- چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست.
- 14
- تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن.
- 15
- بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.[d] ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.
- 16
- ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن.
- 17
- بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان[e] کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون.
- 18
- هەر جارێک یەزدان ڕابەری[f] بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە.
- 19
- بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
- 20
- لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت،
- 21
- ئیتر منیش هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن.
- 22
- بەکاریاندەهێنم بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە و بزانم ئاخۆ وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن یان نا.»
- 23
- ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنابوو و بە خێرایی دەرینەکردبوون و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.
- a. 2:5 بۆخیم واتا گرینۆک.
- b. 2:9 تیمنەت حەرەس: کە تیمنەت سەرەح. بڕوانە یەشوع 19:50 و 24:30.
- c. 2:11 بڕوانە سەرژمێری 25:3-5.
- d. 2:15 بڕوانە لێڤییەکان 26:14-17.
- e. 2:17 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.
- f. 2:18 ئەم ڕابەرانە کاری جیاوازیان پێ سپێردراوە و لە هەمان کاتدا دادوەرایەتییان بۆ گەلی ئیسرائیل کردووە. بڕوانە عیبرانییەکان 11:32-33.