عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان،
- 2
- جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو،
- 3
- پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعلحەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.
- 4
- ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.
- 5
- ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون.
- 6
- کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.
- عۆسنیێل
- 7
- جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست.
- 8
- تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی[a] پاشای میسۆپۆتامیای[b] کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون.
- 9
- ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو.
- 10
- ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو.
- 11
- چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.
- ئێهود
- 12
- دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد.
- 13
- جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت.
- 14
- ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.
- 15
- ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر[c] بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب.
- 16
- ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک[d] بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست.
- 17
- سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو.
- 18
- کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد.
- 19
- بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.»
ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە. - 20
- ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا.
- 21
- ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا.
- 22
- دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی[e] هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە.
- 23
- ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.
- 24
- لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، بۆیە گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.»
- 25
- ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.
- 26
- بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا.
- 27
- کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.
- 28
- پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت.
- 29
- لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو.
- 30
- مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
- شەمگەر
- 31
- لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.
- a. 3:8 ڕیشعاتەیم واتا دوو ئەوەندە بەدکار.
- b. 3:8 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.
- c. 3:15 چەپلەر: چۆپان، ئەوەی کار بە دەستی چەپ دەکات.
- d. 3:16 نزیکی نیو مەتر.
- e. 3:22 پیوەکە: واتا بەزەکە.