عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شەڕ لەگەڵ پاشماوەی کەنعانییەکان
- 1
- لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟»
- 2
- یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.»
- 3
- پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون.
- 4
- پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن.
- 5
- ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان[a] دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند.
- 6
- ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان و پەنجە گەورەی دەست و پێیان بڕی.
- 7
- ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد.
- 8
- کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا.
- 9
- لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی[b] خۆرئاوا نیشتەجێ بوون.
- 10
- ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو.
- 11
- لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
- 12
- ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
- 13
- ئیتر عۆسنیێلی کوڕی[c] قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
- 14
- ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
- 15
- ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
- 16
- نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو[d] ، لە شاری دار خورما[e] لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون.
- 17
- پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد[f] ، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما[g] .
- 18
- کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.
- 19
- یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو.
- 20
- هەروەک موسا بەڵێنی دابوو[h] ، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد.
- 21
- بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش.
- 22
- هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێتئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو.
- 23
- کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێتئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو،
- 24
- سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.»
- 25
- ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد.
- 26
- پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
- 27
- بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێتشان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە.
- 28
- کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
- 29
- ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون.
- 30
- زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون.
- 31
- ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش.
- 32
- ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن.
- 33
- نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێتشەمەش و دانیشتووانی بێتعەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێتشەمەش و بێتعەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان.
- 34
- ئەمۆرییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە.
- 35
- ئەمۆرییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن.
- 36
- سنووری ئەمۆرییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو.
- a. 1:5 واتا میری بەزەق.
- b. 1:9 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.
- c. 1:13 واتا عۆسنیێل برازای کالێب بوو، بڕوانە 3:9.
- d. 1:16 خەزووری موسا ناوی (یەترۆ) بوو، هەروەها (ڕەعوئێل)یشی پێ دەگوترا. دەشێت ڕەعوئێل ناوی خێڵی یەترۆ بووبێت. بڕوانە دەرچوون 3:1 و 2:18 و سەرژمێری 10:29.
- e. 1:16 مەبەستی لە شاری ئەریحایە، لێرە و لە 3:13.
- f. 1:17 بە تەواوی وێرانیان کرد: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
- g. 1:17 حۆرما واتا وێرانکردن.
- h. 1:20 بڕوانە یەشوع 14:9.