عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئەویندار
- 1
- من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و
 سەوسەنی دۆڵانم.
- دڵدار
- 2
- وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ
 یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
- ئەویندار
- 3
- وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان
 دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.
 حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی
 مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
- 4
- با بمباتە هۆڵی خوانەکە،
 خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
- 5
- بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،
 بە سێو بمگەشێننەوە،
 چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
- 6
- دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
 دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
- 7
- ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
 بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
 کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
 هەتا خۆی حەز دەکات.
- 8
- گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
 تەماشا بکە! وا دێت،
 لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
 بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
- 9
- دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
 وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
 لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
 لە کڵاوڕۆژنەوە[a] تەماشا دەکات.
- 10
- دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
 «یارەکەم، هەستە،
 شیرینەکەم، وەرە.
- 11
- تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
 باران بەسەرچوو و نەما.
- 12
- گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
 ئێستا کاتی گۆرانییە؛
 خوێندنی کوکوختی
 لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
- 13
- هەنجیر بەری گرتووە،
 بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە.
 یارەکەم، هەستە،
 شیرینەکەم، وەرە.»
- دڵدار
- 14
- ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،
 لە پەناگای بنارەکان،
 با ڕوخسارت ببینم،
 با دەنگت ببیستم،
 چونکە دەنگت ناسکە و
 ڕوخسارت شیرینە!
- 15
- ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،
 ئەو توولە ڕێوییانەی
 ڕەزەکانمان تێکدەدەن،
 چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
- ئەویندار
- 16
- دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،
 لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
- 17
- بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
 تاریکی بڕەوێتەوە،
 ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،
 وەک ئاسک بە،
 یان کارمامز
 لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
- a. 2:9 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گەڕانەوەی تیشکی خۆر.

