عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئەویندار 
1
من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و
سەوسەنی دۆڵانم.
دڵدار 
2
وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ
یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
ئەویندار 
3
وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان
دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.
حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی
مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
4
با بمباتە هۆڵی خوانەکە،
خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
5
بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،
بە سێو بمگەشێننەوە،
چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
6
دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
7
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
8
گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9
دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
لە کڵاوڕۆژنەوە[a] تەماشا دەکات.
10
دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
«یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.
11
تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
باران بەسەرچوو و نەما.
12
گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13
هەنجیر بەری گرتووە،
بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.»
دڵدار 
14
ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،
لە پەناگای بنارەکان،
با ڕوخسارت ببینم،
با دەنگت ببیستم،
چونکە دەنگت ناسکە و
ڕوخسارت شیرینە!
15
ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،
ئەو توولە ڕێوییانەی
ڕەزەکانمان تێکدەدەن،
چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
ئەویندار 
16
دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
17
بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،
وەک ئاسک بە،
یان کارمامز
لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
  1. a. 2‏:9 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گەڕانەوەی تیشکی خۆر.‏