عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
به‌ درێژایی شه‌و له‌سه‌ر نوێنه‌كه‌م
به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا گه‌ڕام كه‌ گیانم خۆشی ده‌وێت؛
به‌دوایدا گه‌ڕام، به‌ڵام نه‌مدۆزییه‌وه‌.
2
ئێستا هه‌ڵده‌ستم و به‌ناو شاردا ده‌سووڕێمه‌وه‌،
به‌ناو شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كاندا
به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه‌ گیانم خۆشی ده‌وێت.
ئیتر به‌دوایدا گه‌ڕام، به‌ڵام نه‌مدۆزییه‌وه‌.
3
تووشی ئێشكگره‌كان بووم،
كاتێك به‌ناو شاردا ده‌گه‌ڕان.
«ئایا ئه‌وه‌ی گیانم خۆشی ده‌وێت ئێوه‌ نه‌تانبینیوه‌؟»
4
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو لێیان تێپه‌ڕم
كاتێك ئه‌وه‌م بینییه‌وه‌ كه‌ گیانم خۆشی ده‌وێت.
گرتم و به‌رمنه‌دا،
هه‌تا بردمه‌ ماڵی دایكم،
بۆ ژووری ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌ من سكپڕ ببوو.
5
ئه‌ی كچانی ئۆرشه‌لیم، سوێندتان ده‌ده‌م
به‌ مامز یان مێینه‌ی ئاسكی ده‌شتوده‌ر،
كه‌ خۆشه‌ویستی هه‌ڵنه‌ستێنن و به‌ ئاگای نه‌هێنن
هه‌تا خۆی حه‌ز ده‌كات.
6
ئه‌وه‌ كێیه‌ له‌ چۆڵه‌وانییه‌وه‌ به‌ده‌ركه‌وت،
وه‌ك ستوونی دووكه‌ڵ،
به‌ موڕ و بخوور بۆنخۆش كراوه‌،
به‌ هه‌موو بۆنوبه‌رامێكی بازرگانان؟
7
ببینن! گالیسكه‌كه‌ی سلێمانه‌،
شه‌ست پاڵه‌وان ده‌وریان داوه‌
له‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئیسرائیل،
8
هه‌موو شمشێر به‌ده‌ستن،
شاره‌زای جه‌نگن،
هه‌ریه‌كه‌ و شمشێره‌كه‌ی به‌ لاڕانیه‌وه‌یه‌،
له‌به‌ر مه‌ترسییه‌كانی شه‌و.
9
سلێمانی پاشا گالیسكه‌یه‌كی بۆ خۆی دروستكرد
له‌ داری لوبنان.
10
ستوونه‌كانی له‌ زیو دروستكرد،
كاریته‌كانی له‌ زێڕ.
به‌رگی دۆشه‌كه‌كان ئه‌رخه‌وانییه‌،
ناوه‌وه‌ی به‌ ئه‌وین ڕازێنراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌ی كچانی ئۆرشه‌لیم،
11
وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌،
ئه‌ی كچانی سییۆن، ببینن.
سلێمانی پاشا به‌و تاجه‌وه‌ ببینن كه‌ له‌سه‌ریه‌تی،
كه‌ دایكی له‌سه‌ری نا
له‌ ڕۆژی زه‌ماوه‌ندی ژنهێنانی،
له‌ ڕۆژی شادی دڵی.