عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیحەوە کە خودا وەک نێردراوێک بانگی کرد و تەرخانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی[a] ،
2
ئەو مزگێنییەی کە خودا پێشتر لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بەڵێنی دابوو،
3
سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو،
4
هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا.
5
لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت[b] و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن.
6
ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.
7
بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن:
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما 
8
سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
9
خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنیی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و
10
بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
11
تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ،
12
هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە.
13
ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، هەروەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە هەمە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
14
من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم[c] ، دانا و نەزان.
15
بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
مژدە توانای خودایە 
16
شەرمم بە پەیامی ئینجیل[d] نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.
17
لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن[e] لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە[f] ، وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[g] ‏﴾[h]
تووڕەیی خودا بۆ هەمووانە 
18
لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن،
19
چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون.
20
لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی[i] ، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
21
لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو.
22
هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل،
23
شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
24
هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن.
25
ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
26
لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە.
27
پیاوانیش وازیان هێنا لە جووتبوونی سروشتی لەگەڵ ژنانیان و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.
28
سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت.
29
پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن،
30
بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین،
31
بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین.
32
لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.
  1. a. 1‏:1 یۆنانی: ئینجیل.‏
  2. b. 1‏:5 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  3. c. 1‏:14 بەربەری: ئەو کەسانەی کە بە زمانی یۆنانی قسە ناکەن، بە کەسانی ناڕۆشنبیر هەژماردکراون.‏
  4. d. 1‏:16 ئینجیل: وشەیەکی یۆنانییە بە واتای ڕاگەیاندنی مژدەی هاتنی پاشایە.‏
  5. e. 1‏:17 یۆنانی: ڕاستودروستی خودا، بە واتای چۆن خودا مرۆڤی گوناهبار بێتاوان دەکات و بە مرۆڤی ڕاستودروستی هەژمارد دەکات، بڕوانە ڕۆما 3‏:21‏-26 و ڕۆما 10‏:3 و فیلیپی 3‏:9‏‏.‏
  6. f. 1‏:17 یۆنانی: لە باوەڕ بۆ باوەڕ.‏
  7. g. 1‏:17 مەبەست لەوەیە ئەوەی کە لە گوناه بێتاوان کرا ژیانی هەتاهەتایی بە باوەڕ وەردەگرێت.‏
  8. h. 1‏:17 حەبەقوق 2‏:4‏.‏
  9. i. 1‏:20 خودایەتییەکەی: واتا سروشتی خودایی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە تەنها لە خودادا هەن.‏