عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیحەوە کە خودا وەک نێردراوێک بانگی کرد و تەرخانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی[a] ،
 - 2
 - ئەو مزگێنییەی کە خودا پێشتر لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بەڵێنی دابوو،
 - 3
 - سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو،
 - 4
 - هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا.
 - 5
 - لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت[b] و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن.
 - 6
 - ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.
 - 7
 - بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن:
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. - ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
 - 8
 - سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
 - 9
 - خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنیی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و
 - 10
 - بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
 - 11
 - تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ،
 - 12
 - هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە.
 - 13
 - ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، هەروەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە هەمە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
 - 14
 - من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم[c] ، دانا و نەزان.
 - 15
 - بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
 - مژدە توانای خودایە
 - 16
 - شەرمم بە پەیامی ئینجیل[d] نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.
 - 17
 - لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن[e]  لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە[f] ، وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[g] ﴾[h] 
 - تووڕەیی خودا بۆ هەمووانە
 - 18
 - لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن،
 - 19
 - چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون.
 - 20
 - لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی[i] ، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
 - 21
 - لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو.
 - 22
 - هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل،
 - 23
 - شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
 - 24
 - هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن.
 - 25
 - ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
 - 26
 - لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە.
 - 27
 - پیاوانیش وازیان هێنا لە جووتبوونی سروشتی لەگەڵ ژنانیان و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.
 - 28
 - سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت.
 - 29
 - پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن،
 - 30
 - بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین،
 - 31
 - بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین.
 - 32
 - لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.
 
- a. 1:1 یۆنانی: ئینجیل.
 - b. 1:5 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
 - c. 1:14 بەربەری: ئەو کەسانەی کە بە زمانی یۆنانی قسە ناکەن، بە کەسانی ناڕۆشنبیر هەژماردکراون.
 - d. 1:16 ئینجیل: وشەیەکی یۆنانییە بە واتای ڕاگەیاندنی مژدەی هاتنی پاشایە.
 - e. 1:17 یۆنانی: ڕاستودروستی خودا، بە واتای چۆن خودا مرۆڤی گوناهبار بێتاوان دەکات و بە مرۆڤی ڕاستودروستی هەژمارد دەکات، بڕوانە ڕۆما 3:21-26 و ڕۆما 10:3 و فیلیپی 3:9.
 - f. 1:17 یۆنانی: لە باوەڕ بۆ باوەڕ.
 - g. 1:17 مەبەست لەوەیە ئەوەی کە لە گوناه بێتاوان کرا ژیانی هەتاهەتایی بە باوەڕ وەردەگرێت.
 - h. 1:17 حەبەقوق 2:4.
 - i. 1:20 خودایەتییەکەی: واتا سروشتی خودایی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە تەنها لە خودادا هەن.
 

