عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- هەلیلویا! حوکمڕانی بۆ یەزدان
- 1
- پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت:
«هەلیلویا!
ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە، - 2
- چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن.
لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد
کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد.
تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» - 3
- دووبارە گوتیانەوە:
«هەلیلویا!
دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.» - 4
- بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان:
«ئامین. هەلیلویا!» - 5
- دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی:
«ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی،
ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.» - 6
- پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت:
«هەلیلویا!
خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات. - 7
- با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین،
چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و
بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە. - 8
- کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.»
ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە. - 9
- پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»
- 10
- کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»
- سواری ئەسپێکی سپی
- 11
- پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت.
- 12
- چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوە بوو. ناوێکی نووسراوی هەیە کە جگە لە خۆی کەس نایزانێت.
- 13
- کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی[a] لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە.
- 14
- لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو.
- 15
- لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین شوانایەتییان دەکات.﴾[b] گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بەتوانا دەگوشێت.
- 16
- ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە:
«پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.» - 17
- فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورەی خودا،
- 18
- تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»
- 19
- هەروەها دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و لەشکرەکانیانم بینی کۆببوونەوە، تاکو لە دژی سوارەکە و سوپاکەی بجەنگن.
- 20
- دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەکانی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە نێو دەریاچەی ئاگرەوە، کە بە گۆگرد داگیرساوە.
- 21
- پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.