عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌لیلویا! حوكمڕانی بۆ یه‌زدان 
1
پاش ئه‌وه‌ش گوێم له‌ ده‌نگێكی گه‌وره‌ بوو وه‌ك ده‌نگی خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یگوت:
«هه‌لیلویا!
ڕزگاری و شكۆ و هێز بۆ خودامانه‌،
2
چونكه‌ حوكمه‌كانی ڕاست و دادپه‌روه‌رن.
له‌شفرۆشه‌ گه‌وره‌كه‌ی تاوانبار كرد
كه‌ به‌ داوێنپیسییه‌كه‌ی زه‌ویی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد.
تۆڵه‌ی خوێنی به‌نده‌كانی خۆی لێكرده‌وه‌.»
3
دووباره‌ گوتیانه‌وه‌:
«هه‌لیلویا!
دووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.»
4
بیست و چوار پیره‌كه‌ و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر چۆك و كڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ برد، گوتیان:
«ئامین. هه‌لیلویا!»
5
ده‌نگێك له‌لای ته‌خته‌كه‌وه‌ هات، گوتی:
«ستایشی خودامان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو به‌نده‌كانی،
ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووك.»
6
پاشان گوێم له‌ ده‌نگێك بوو وه‌ك ده‌نگی خه‌ڵكێكی ئێجگار زۆر، وه‌ك ده‌نگی خوڕه‌ی ئاوێكی زۆر و وه‌ك ده‌نگی هه‌وره‌گرمه‌ی به‌هێز بوو، ده‌یگوت:
«هه‌لیلویا!
خودای په‌روه‌ردگارمان هه‌ره‌ به‌ توانایه‌، حوكومڕانی ده‌كات.
7
با دڵخۆش و شاد بین، شكۆداری بكه‌ین،
چونكه‌ زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه‌ هاتووه‌ و
بووكه‌كه‌ی خۆی ئاماده‌ كردووه‌.
8
كراسێكی كه‌تانی ناسكی پاك و پرشنگداری پێدرابوو له‌به‌ری بكات.»
ئه‌م كه‌تانه‌ ناسكه‌ هێمای كرداره‌ ڕاستودروسته‌كانی گه‌لی پیرۆزی خودایه‌.
9
پێی گوتم: «بنووسه‌، خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وانه‌ی بۆ خوانی زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه‌ بانگهێشت كراون!» هه‌روه‌ها پێی گوتم: «ئه‌مانه‌ وشه‌ ڕاسته‌كانی خودان.»
10
كه‌وتمه‌ به‌رپێی تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌م. به‌ڵام پێی گوتم: «وا مه‌كه‌! منیش له‌گه‌ڵ تۆ و خوشك و برایانت به‌نده‌ی هاوكارم، ئه‌وانه‌ی پابه‌ندن به‌ شایه‌تییان بۆ عیسا. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌! چونكه‌ ئه‌و ڕۆحه‌ی كه‌ سروشی به‌ پێغه‌مبه‌ره‌كان داوه‌، هه‌ر ئه‌و شایه‌تی بۆ مه‌سیح ده‌دات.»
سواری ئه‌سپێكی سپی 
11
پاشان ئاسمانم به‌ كراوه‌یی بینی، ئه‌سپێكی سپیم بینی و سواره‌كه‌ی به‌ «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناوده‌بردرا. به‌ دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات و ده‌جه‌نگێت.
12
چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر وابوون و ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به‌ سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه‌، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت.
13
كه‌وایه‌كی له‌ خوێن هه‌ڵكێشراوی[a] له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ی پێی بانگ ده‌كرێ «وشه‌ی خودا»یه‌.
14
له‌شكره‌كانی ئاسمان به‌ سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن و كه‌تانی ناسكی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو.
15
له‌ ده‌میه‌وه‌ شمشێرێكی تیژ ده‌رده‌چوو، تاكو پێی له‌ نه‌ته‌وه‌كان بدات. {به‌ گۆچانێكی ئاسنین شوانه‌تییان ده‌كات.}[b] گوشه‌ری شه‌رابی تووڕه‌یی هه‌ڵچووی خودای هه‌ره‌ به‌ توانا ده‌گوشێت.
16
ناوێكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌وا و ڕانی نووسراوه‌:
«پاشای پاشایان و گه‌وره‌ی گه‌وره‌یان.»
17
فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌به‌ر خۆردا ڕاوه‌ستابوو، به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری له‌ هه‌موو باڵنده‌ فڕیوه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئاسمان كرد و گوتی: «وه‌رن كۆببنه‌وه‌، بۆ شێوی گه‌وره‌ كه‌ هی خودایه‌،
18
تاكو گۆشتی پاشاكان و گۆشتی سوپاسالاره‌كان و گۆشتی به‌هێزان، گۆشتی ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیان، گۆشتی هه‌مووان، ئازاد و كۆیله‌، گه‌وره‌ و بچووك بخۆن.»
19
هه‌روه‌ها دڕنده‌كه‌ و پاشاكانی زه‌وی و له‌شكره‌كانیانم بینی كۆببوونه‌وه‌، تاكو له‌ دژی سواره‌كه‌ و سوپاكه‌ی بجه‌نگن.
20
دڕنده‌كه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ی یاوه‌ری ده‌ستگیر كران، ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی له‌ پێناوی كرد و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چه‌واشه‌ كرد كه‌ نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌یان وه‌رگرت و ئه‌وانه‌ی كڕنۆشیان بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌ی برد. هه‌ردووكیان به‌ زیندوویی فڕێدرانه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگر، كه‌ به‌ گۆگرد داگیرساوه‌.
21
پاشماوه‌كه‌ به‌ شمشێری سواره‌كه‌ كوژران كه‌ له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، هه‌موو باڵنده‌كان له‌ گۆشته‌كانیان تێربوون.
  1. a. 19‏:13 بڕوانه‌ \+xt ئیشایا 63‏:3‏\+xt*‏.
  2. b. 19‏:15 بڕوانه‌\+xt زه‌بووره‌كان 2‏:9.‏\+xt*‏