عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی داود.
- 1
- ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
- 2
- ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
 ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
 دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
- 3
- هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
 شەرمەزار نابن،
 بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
 کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.
- 4
- ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
 ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
- 5
- لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
 چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
 بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
- 6
- ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
 چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
- 7
- ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
 یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
 بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
 لە پێناوی چاکی خۆت.
- 8
- یەزدان چاک و سەرڕاستە،
 بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
- 9
- ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
 ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
- 10
- هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
 بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
- 11
- ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت،
 لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.
- 12
- کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟
 خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.
- 13
- هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و
 زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.
- 14
- خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن،
 وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.
- 15
- من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە،
 چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.
- 16
- ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
 چونکە تەنها و کڵۆڵم.
- 17
- دڵتەنگیم زیاد بووە،
 لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.
- 18
- تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و
 لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.
- 19
- تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و
 چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.
- 20
- ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە،
 شەرمەزارم مەکە،
 چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.
- 21
- با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن،
 چونکە ئومێدم بە تۆیە.
- 22
- ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە
 لە هەموو تەنگانەکانی!

