عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، گیانی خۆم بۆ تۆ به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌.
2
ئه‌ی خودای من، پشتم به‌ تۆ به‌ستووه‌.
ڕێ مه‌ده‌ شه‌رمه‌زار بم،
دوژمنانم پێ خۆش مه‌كه‌.
3
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئومێدیان به‌ تۆ هه‌یه‌
شه‌رمه‌زار نابن،
به‌ڵكو ئه‌وانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بن
كه‌ به‌بێ هۆ ناپاكی ده‌كه‌ن.
4
ئه‌ی یه‌زدان، ڕێگاكانی خۆتم پێ بناسێنه‌،
ڕێڕه‌وه‌كانی خۆتم فێر بكه‌.
5
له‌ ڕاستی خۆت ڕێنماییم بكه‌ و فێرم بكه‌،
چونكه‌ تۆ خودای ڕزگاركه‌ری منیت،
به‌ درێژایی ڕۆژ ئومێدم هه‌ر به‌ تۆیه‌.
6
ئه‌ی یه‌زدان، به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی خۆت له‌بیر بێت،
چونكه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ن.
7
ئه‌ی یه‌زدان، گوناهه‌كانی كاتی گه‌نجیه‌تیم و
یاخیبوونه‌كانم به‌بیر خۆت مه‌هێنه‌وه‌،
به‌ڵكو به‌گوێره‌ی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت بیرم لێ بكه‌ره‌وه‌،
له‌ پێناوی چاكی خۆت.
8
یه‌زدان چاك و سه‌رڕاسته‌،
بۆیه‌ گوناهباران فێری ڕاسته‌ڕێیی ده‌كات،
9
ڕابه‌رایه‌تی بێفیزه‌كان ده‌كات بۆ دادپه‌روه‌ری،
ئه‌وان فێری ڕێگای خۆی ده‌كات.
10
هه‌موو ڕێگاكانی یه‌زدان ڕاست و خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕن
بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رزه‌كانی په‌یمانه‌كه‌ی ناشكێنن.
11
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ پێناوی ناوی خۆت،
له‌ گوناهم خۆشبه‌، هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌شه‌.
12
كێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ یه‌زدان ده‌ترسێت؟
خودا فێری ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌كات كه‌ بۆی هه‌ڵبژاردووه‌.
13
هه‌موو ڕۆژانی له‌ چاكه‌دا ده‌بێت و
زه‌وی به‌ میرات بۆ نه‌وه‌كانی ده‌مێنێته‌وه‌.
14
خودا نهێنی خۆی به‌وانه‌ ده‌سپێرێت كه‌ لێی ده‌ترسن،
وا ده‌كات په‌یمانه‌كه‌ی زانراو بێت له‌لایان.
15
من هه‌میشه‌ چاوم ئاراسته‌ی یه‌زدان كردووه‌،
چونكه‌ ته‌نها ئه‌و پێم له‌ ته‌ڵه‌ ده‌كاته‌وه‌.
16
ئاوڕم لێ بده‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌،
چونكه‌ ته‌نها و كڵۆڵم.
17
دڵته‌نگیم زیاد بووه‌،
له‌ ته‌نگانه‌كانم ڕزگارم بكه‌.
18
ته‌ماشای داماوی و ڕه‌نجكێشانم بكه‌ و
له‌ هه‌موو گوناهه‌كانم خۆشبه‌.
19
ته‌ماشای دوژمنه‌كانم بكه‌ چه‌ند زۆر بوونه‌ و
چه‌ند به‌ قینه‌وه‌ ڕقیان لێمه‌.
20
ژیانم بپارێزه‌ و ڕزگارم بكه‌،
شه‌رمه‌زارم مه‌كه‌،
چونكه‌ په‌نا وه‌به‌ر تۆ ده‌هێنم.
21
با دروستی و سه‌رڕاستی پارێزه‌رم بن،
چونكه‌ ئومێدم به‌ تۆیه‌.
22
ئه‌ی خودایه‌، ئیسرائیل بكڕه‌وه‌،
له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌كانی!