عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، ئه‌ستۆپاكیم بسه‌لمێنه‌،
چونكه‌ به‌بێ كه‌موكوڕی ژیاوم،
پشتم به‌ یه‌زدان به‌ستووه‌،
به‌بێ دوودڵی.
2
ئه‌ی یه‌زدان، تاقیم بكه‌وه‌، بمخه‌ ناو لێكۆڵینه‌وه‌،
مێشك و دڵم بپشكنه‌.
3
چونكه‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕی تۆم له‌به‌رچاوه‌،
به‌ ڕاستی تۆ ڕه‌فتار ده‌كه‌م.
4
له‌گه‌ڵ فێڵبازان دانانیشم،
تێكه‌ڵی دووڕووان نابم.
5
ڕقم له‌ كۆمه‌ڵی به‌دكاران ده‌بێته‌وه‌ و
له‌گه‌ڵ خراپه‌كار دانانیشم.
6
ده‌سته‌كانم ده‌شۆم تاكو بێتاوانیم ده‌ربخه‌م،
ئه‌ی یه‌زدان، به‌ ده‌وری قوربانگاكه‌تدا ده‌سووڕێمه‌وه‌ و
7
به‌ ده‌نگی به‌رز ستایشت ده‌كه‌م و
هه‌موو كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ڕاده‌گه‌یه‌نم.
8
ئه‌ی یه‌زدان، ئه‌و ماڵه‌م خۆشده‌وێت كه‌ تۆ تێیدا ده‌ژیت،
ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ شكۆی تۆی تێدا نیشته‌جێیه‌.
9
گیانم له‌گه‌ڵ گوناهباران كۆمه‌كه‌وه‌،
ژیانم له‌گه‌ڵ خوێنڕێژان،
10
ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ستیان به‌ خراپه‌ پیس بووه‌،
ئه‌وانه‌ی ده‌ستی ڕاسته‌یان پڕ له‌ به‌رتیله‌.
11
به‌ڵام من به‌بێ كه‌موكوڕی ژیاوم،
بمكڕه‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌.
12
پێم له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی ته‌خته‌،
له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵی گه‌وره‌دا ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌م.