عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی داود.
 - 1
 - یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
لە کێ بتۆقم؟ - 2
 - کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
ساتمە دەکەن و دەکەون. - 3
 - ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم. - 4
 - داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە. - 5
 - لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا،
لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە. - 6
 - ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم. - 7
 - ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە. - 8
 - سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم. - 9
 - ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە. - 10
 - تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
یەزدان دەمگرێتە خۆی. - 11
 - ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
لەبەر دوژمنەکانم. - 12
 - بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە. - 13
 - من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
کە لە خاکی زیندووان
چاکەی یەزدان دەبینم. - 14
 - چاوەڕێی یەزدان بە،
خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
چاوەڕێی یەزدان بە. 

