عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - هەلیلویا!
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە. - 2
 - وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن. - 3
 - سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە. - 4
 - لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن. - 5
 - چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت. - 6
 - بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە. - 7
 - لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە. - 8
 - دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت. - 9
 - بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە. - 10
 - بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت. 

