عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.
- 1
- ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
 با هاوارم بگاتە لات.
- 2
- لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
 لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
 زوو وەڵامم بدەوە.
- 3
- ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
 ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
- 4
- هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
 نانخواردنم لەبیر نەماوە.
- 5
- لە دەنگی ناڵەم
 ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
- 6
- وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا،
 وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
- 7
- ڕادەکشێم و
 وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
- 8
- بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
 ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
- 9
- بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
 فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە،
- 10
- لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ،
 چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
- 11
- ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
 خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
- 12
- تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
 نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
- 13
- تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
 چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە.
- 14
- خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
 دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
- 15
- هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
 هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت،
- 16
- چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
 بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
- 17
- ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
 نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
- 18
- ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت،
 تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:
- 19
- «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ،
 لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،
- 20
- بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت،
 ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»
- 21
- جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت،
 لە ئۆرشەلیم ستایشی،
- 22
- کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان
 پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.
- 23
- لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم،
 ڕۆژگاری کورتکردم.
- 24
- گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە،
 ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.
- 25
- لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
 ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
- 26
- ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
 هەموو وەک کراس کۆن دەبن،
 وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن.
- 27
- بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
 ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.
- 28
- کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و
 نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»

