عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.
 - 1
 - ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
با هاوارم بگاتە لات. - 2
 - لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
زوو وەڵامم بدەوە. - 3
 - ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە. - 4
 - هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
نانخواردنم لەبیر نەماوە. - 5
 - لە دەنگی ناڵەم
ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە. - 6
 - وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا،
وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە. - 7
 - ڕادەکشێم و
وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە. - 8
 - بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن. - 9
 - بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە، - 10
 - لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ،
چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام. - 11
 - ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە. - 12
 - تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە. - 13
 - تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە. - 14
 - خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی. - 15
 - هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت، - 16
 - چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت. - 17
 - ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
نوێژەکانیان بە کەم نازانێت. - 18
 - ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت،
تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە: - 19
 - «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ،
لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات، - 20
 - بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت،
ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.» - 21
 - جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت،
لە ئۆرشەلیم ستایشی، - 22
 - کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان
پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە. - 23
 - لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم،
ڕۆژگاری کورتکردم. - 24
 - گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە،
ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە. - 25
 - لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. - 26
 - ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
هەموو وەک کراس کۆن دەبن،
وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن. - 27
 - بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت. - 28
 - کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و
نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.» 

