عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانییه‌كی داود. 
1
ئه‌ی گیانی من، ستایشی یه‌زدان بكه‌،
هه‌موو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بكه‌.
2
ئه‌ی گیانی من، ستایشی یه‌زدان بكه‌،
هیچ چاكه‌یه‌كی له‌بیر مه‌كه‌:
3
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێكت خۆشده‌بێت،
له‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك چاكت ده‌كاته‌وه‌،
4
ئه‌وه‌ی ژیانت له‌ گۆڕ ده‌كڕێته‌وه‌،
خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و به‌زه‌یی ده‌كاته‌ تاجی سه‌رت،
5
ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نت تێر ده‌كات به‌ چاكه‌،
تاكو گه‌نجییه‌تیت وه‌ك هه‌ڵۆ نوێ ببێته‌وه‌.
6
یه‌زدان ڕاستودروستی ئه‌نجام ده‌دات،
دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌كان.
7
ڕێگای خۆی به‌ موسا ناساند،
كرداره‌كانی به‌ نه‌وه‌كانی ئیسرائیل:
8
یه‌زدان میهره‌بان و به‌ به‌زه‌ییه‌،
پشوودرێژه‌ و خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕی زۆره‌.
9
تاوانباركردنی هه‌تاسه‌ر نییه‌،
تووڕه‌یی هه‌تاهه‌تایه‌ نییه‌.
10
به‌ گوناهی خۆمان له‌گه‌ڵ ناكات و
به‌گوێره‌ی تاوانه‌كانمان سزامان ناداته‌وه‌.
11
وه‌ك به‌رزی ئاسمان له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی زۆركردووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ لێی ده‌ترسن.
12
وه‌ك دووری ڕۆژهه‌ڵات له‌ ڕۆژئاواوه‌،
یاخیبوونه‌كانمانی لێ دوورخستووینه‌ته‌وه‌.
13
وه‌ك باوك چۆن به‌زه‌یی به‌ منداڵه‌كانیدا دێته‌وه‌،
یه‌زدانیش ئاوا به‌زه‌یی به‌وانه‌دا دێته‌وه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن.
14
چونكه‌ ده‌زانێت ئێمه‌ چۆن پێكهێنراوین،
له‌بیریه‌تی كه‌ ئێمه‌ خۆڵین.
15
مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وه‌ك گیا وایه‌،
وه‌ك گوڵی ناو كێڵگه‌ گوڵ ده‌كات.
16
چونكه‌ بایه‌ك به‌سه‌ریدا هه‌ڵبكات، ئیتر نامێنێت،
ئاسه‌واریشی دیار نابێت.
17
به‌ڵام خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕی یه‌زدان له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و
هه‌تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن،
ڕاستودروستییه‌كه‌شی بۆ نه‌وه‌كانه‌،
18
بۆ ئه‌وانه‌ی په‌یمانی به‌جێده‌گه‌یه‌نن،
ئه‌وانه‌ی ڕێنماییه‌كانی ئه‌ویان له‌بیره‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی بكه‌ن.
19
یه‌زدان ته‌ختی خۆی له‌ ئاسمان چه‌سپاندووه‌ و
پاشایه‌تییه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات.
20
ئه‌ی فریشته‌كانی یه‌زدان، ستایشی بكه‌ن،
ئه‌ی ئه‌و به‌هێزانه‌ی وته‌كانی به‌جێده‌هێنن،
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی وته‌ی ئه‌و ده‌بن.
21
ئه‌ی هه‌موو سوپاكانی، ستایشی یه‌زدان بكه‌ن،
ئه‌ی خزمه‌تكارانی كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌ن.
22
ئه‌ی هه‌موو كاره‌كانی، ستایشی یه‌زدان بكه‌ن
له‌ هه‌موو شوێنێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی.
ئه‌ی گیانی من، ستایشی یه‌زدان بكه‌.