عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێژی هه‌ژارێكی وره‌ڕووخاو، كه‌ هاواری ده‌باته‌ به‌رده‌م یه‌زدان. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، گوێ له‌ نوێژم بگره‌،
با هاوارم بگاته‌ لات.
2
له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا ڕووی خۆتم لێ مه‌شاره‌وه‌،
له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ هاوارت بۆ ده‌كه‌م گوێم بۆ شل بكه‌،
زوو وه‌ڵامم بده‌وه‌.
3
ڕۆژگارم وه‌ك دووكه‌ڵ ڕه‌وییه‌وه‌،
ئێسكم وه‌ك پشكۆ گڕی گرتووه‌.
4
هه‌ڵپڕووكاوه‌، دڵم وشك بووه‌ته‌وه‌،
نانخواردنم له‌بیر نه‌ماوه‌.
5
له‌ ده‌نگی ناڵه‌م
ئێسكم به‌ پێستمه‌وه‌ نووساوه‌.
6
وه‌ك كونده‌په‌پووی بیابانی چۆڵه‌وانیم لێهاتووه‌،
وه‌ك كونده‌په‌پووی كه‌لاوه‌م لێهاتووه‌.
7
ڕاده‌كشێم و
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی ته‌نهای سه‌ربانم لێهاتووه‌.
8
به‌ درێژایی ڕۆژ دوژمنه‌كانم سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی له‌ دژی منن وه‌ك شێتیان لێ هاتووه‌، نه‌فره‌تم لێده‌كه‌ن.
9
بۆیه‌ خۆڵه‌مێش ده‌خۆم وه‌ك نان،
فرمێسكم تێكه‌ڵ به‌ خواردنه‌وه‌م بووه‌.
10
له‌به‌ر تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی تۆ،
چونكه‌ هه‌ڵتگرتم و فڕێتدام.
11
ڕۆژگارم وه‌ك سێبه‌ری خواره‌،
خۆشم وه‌ك گیا وشك ده‌بمه‌وه‌.
12
تۆش ئه‌ی یه‌زدان، هه‌تاهه‌تایه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی،
نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ یادت ده‌كه‌نه‌وه‌.
13
تۆ هه‌ڵده‌ستیت و به‌زه‌ییت به‌ سییۆن دێته‌وه‌،
چونكه‌ ماوه‌ی میهره‌بانییه‌، چونكه‌ كاتی هاتووه‌.
14
چونكه‌ خزمه‌تكاره‌كانت به‌ تاسه‌وه‌ن بۆ به‌رده‌كانی،
دڵیان ده‌سووتێ بۆ خۆڵه‌كه‌ی.
15
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ ناوی یه‌زدان ده‌ترسن،
هه‌موو پاشاكانی زه‌ویش له‌ شكۆمه‌ندیت.
16
چونكه‌ كه‌ یه‌زدان سییۆن بنیاد ده‌نێته‌وه‌،
به‌ شكۆمه‌ندی خۆی ده‌بینرێت.
17
ئاوڕ له‌ نوێژی ڕووتوڕه‌جاڵه‌كان ده‌داته‌وه‌،
نوێژه‌كانیان به‌ كه‌م نازانێت.
18
ئه‌مه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌نووسرێت،
تاكو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ ستایشی یه‌زدان بكه‌ن، كه‌ هێشتا له‌دایك نه‌بوونه‌:
19
«یه‌زدان له‌ به‌رزایی پیرۆزگای خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خوارێ،
له‌ ئاسمانه‌وه‌ سه‌یری زه‌وی ده‌كات،
20
بۆ ئه‌وه‌ی گوێی له‌ ناڵه‌ی دیله‌كان بێت،
ئه‌وانه‌ ئازاد بكات كه‌ دراونه‌ته‌ ده‌ست مردن.»
21
جا له‌ سییۆن ناوی یه‌زدان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت،
له‌ ئۆرشه‌لیم ستایشی،
22
كاتێك گه‌لان و پاشایه‌تییه‌كان
پێكه‌وه‌ بۆ په‌رستنی یه‌زدان كۆده‌بنه‌وه‌.
23
له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نم هێزی كزكردم،
ڕۆژگاری كورتكردم.
24
گوتی: «ئه‌ی خودای من، له‌ ناوه‌ڕاستی ڕۆژگارم لام مه‌ده‌،
ساڵانی تۆ بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌.
25
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بناغه‌ی زه‌ویت دانا،
ئاسمانیش ده‌ستكردی تۆیه‌.
26
ئه‌وان له‌ناوده‌چن، به‌ڵام تۆ ده‌مێنیت،
هه‌موو وه‌ك كراس كۆن ده‌بن،
وه‌ك جلوبه‌رگ ده‌یانگۆڕیت و ده‌گۆڕدرێن.
27
به‌ڵام تۆ هه‌روه‌ك خۆتی،
ساڵانی تۆ كۆتایی نایه‌ت.
28
كوڕی خزمه‌تكاره‌كانت نیشته‌جێ ده‌بن و
نه‌وه‌كانیان له‌به‌رده‌مت ده‌چه‌سپێن.»