عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وێرانکردنی عەراد 
1
کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت.
2
نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین[a]
3
یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما.[b]
موسا مارێک لە بڕۆنز دروستدەکات 
4
ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا.
5
گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»
6
یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن.
7
ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.
8
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.»
9
موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک کەسێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد، دەژیا.
بەرەو مۆئاب 
10
ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا،
11
لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا.
12
لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا،
13
لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمۆرییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمۆرییەکان،
14
لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت:
«شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی،
ئەرنۆن و
15
نشێوی شیوەکان،
ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە،
پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.»
16
لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.»
17
ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی:
«ئەی بیر هەڵبقوڵێ،
گۆرانی لە بارەوە بڵێن،
18
بیرێک میرەکان لێیان داوە،
پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە،
ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.»
لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون،
19
لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت[c] ،
20
لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی.
شکاندنی سیحۆن و عۆگ 
21
ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان نارد و گوتی:
22
«ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.»
23
بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.
24
ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو.
25
ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمۆرییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی.
26
لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن.
27
لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن:
«وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە،
شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە.
28
«ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد،
گڕێک لە شاری سیحۆنەوە،
عاری مۆئابی هەڵلووشی،
پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن.
29
قوڕبەسەرت مۆئاب!
ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت!
کوڕەکانی ئاوارە کرد و
کچەکانی ڕاپێچ کرد
بۆ سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان.
30
«بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند،
حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن،
تێکمان دا هەتا نۆفە
کە هەتا مادەبا درێژ دەبێتەوە.»
31
جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمۆرییەکاندا مایەوە.
32
ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمۆرییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون.
33
ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی.
34
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»
35
جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی.
  1. a. 21‏:2 وێران دەکەین: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏
  2. b. 21‏:3 حۆرما: واتا وێرانکردن.‏
  3. c. 21‏:19 بڕوانە 22‏:41‏.‏