عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
 - 1
 - فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە.
 - 2
 - بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن،
 - 3
 - چونکە فەریسی و هەموو جولەکەکان نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە،
 - 4
 - هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.
 - 5
 - فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە عیسایان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»
 - 6
 - ئەویش پێی فەرموون: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:
«﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن،
بەڵام دڵیان لێم دوورە. - 7
 - بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾[a] - 8
 - ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»
 - 9
 - دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن.
 - 10
 - ئەوەتا موسا گوتوویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾[b] ، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾[c]
 - 11
 - بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ کە دیارییە بۆ خودا،
 - 12
 - ئیتر نایەڵن هیچ شتێک بۆ دایک یان باوکی بکات.
 - 13
 - بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»
 - ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
 - 14
 - دیسان عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن.
 - 15
 - شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.
 - 16
 - {ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.}»
 - 17
 - کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد.
 - 18
 - پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟
 - 19
 - چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.
 - 20
 - ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات،
 - 21
 - چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن،
 - 22
 - داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی.
 - 23
 - هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
 - باوەڕی ژنێکی کەنعانی
 - 24
 - عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە.
 - 25
 - لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت.
 - 26
 - ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.
 - 27
 - ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
 - 28
 - بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»
 - 29
 - پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»
 - 30
 - کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکەی لێ دەرچووبوو.
 - چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک
 - 31
 - ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدادا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا.
 - 32
 - کەڕێکی لاڵەپەتەیان بۆ هێنا و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
 - 33
 - عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی دا بە دەستی خۆی و پاشان دەستی لە زمانی دا.
 - 34
 - چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتا بکرێوە.
 - 35
 - دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.
 - 36
 - ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپاردن ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە.
 - 37
 - زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»
 
- a. 7:7 ئیشایا 29:13.
 - b. 7:10 دەرچوون 30:12 و دواوتار 5:16.
 - c. 7:10 دەرچوون 21:17 و لێڤییەکان 20:9.
 

