عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕێزنه‌گرتن له‌ عیسا 
1
عیسا ئه‌وێی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، قوتابییه‌كانیشی دوای كه‌وتن.
2
كه‌ بووه‌ شه‌ممه‌، له‌ كه‌نیشتدا ده‌ستی كرد به‌ فێركردنی خه‌ڵك، زۆر له‌وانه‌ی گوێیان لێی گرتبوو سه‌رسام بوون.
گوتیان: «ئه‌مه‌ ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌ی ئه‌م داناییه‌ی پێی دراوه‌ و ئه‌م په‌رجووانه‌ی[a] له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێن!
3
ئه‌رێ ئه‌مه‌ دارتاشه‌كه‌ی كوڕی مریه‌م و براكه‌ی یاقوب و یوسی و یه‌هوزا و شیمۆن نییه‌؟ خوشكه‌كانی لێره‌ له‌لامان نین؟» جا ڕه‌تیان كرده‌وه‌.
4
به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: «پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ شار و له‌نێوان خزم و له‌ ماڵی خۆی نه‌بێت.»
5
ئیتر له‌وێدا نه‌یتوانی هیچ په‌رجووێك بكات، ته‌نها چه‌ند نه‌خۆشێك نه‌بێت كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و چاكیكردنه‌وه‌.
6
له‌ بێباوه‌ڕی ئه‌وان سه‌ری سوڕما. ئینجا به‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا گه‌ڕا و خه‌ڵكی فێر ده‌كرد.
عیسا نێردراوه‌كانی ده‌نێرێت 
7
ئینجا دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی بانگكرد، دوو دوو ده‌ستی به‌ ناردنیان كرد و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر ڕۆحه‌ پیسه‌كان.
8
ڕایسپاردن كه‌ بۆ ڕێگا هیچ نه‌به‌ن جگه‌ له‌ گۆچانێك، نه‌ نان و نه‌ تووره‌كه‌ و نه‌ پاره‌ بۆ به‌ر پشتێن.
9
به‌ڵكو پێڵاو له‌ پێیان بێت و دوو كراس له‌به‌ر نه‌كه‌ن.
10
پێی فه‌رموون: «له‌ هه‌ر شوێنێك چوونه‌ ماڵێك، له‌وێ بمێننه‌وه‌ هه‌تا ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵن.
11
ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر شوێنێكیش پێشوازییان لێ نه‌كردن و گوێیان لێ نه‌گرتن، له‌وێ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ شایه‌تی له‌سه‌ریان.»
12
ئه‌وانیش چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و جاڕی تۆبه‌كردنیان دا.
13
ڕۆحی پیسی زۆریان ده‌ركرد و زۆر نه‌خۆشیان به‌ ڕۆن چه‌وركرد و چاكیان كردنه‌وه‌.
كوشتنی حه‌زره‌تی یه‌حیا 
14
شا هێرۆدس ئه‌مه‌ی بیست، چونكه‌ ناوی عیسا ده‌نگیدایه‌وه‌ و ده‌یانگوت: «یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش له‌ناو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاری په‌رجوو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌كرێت.»
15
خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یانگوت: «ئه‌لیاسه‌.» هه‌ندێكیش ده‌یانگوت: «پێغه‌مبه‌رێكه‌، وه‌ك پێغه‌مبه‌رانی سه‌رده‌می كۆن.»
16
به‌ڵام هێرۆدس كه‌ بیستی، گوتی: «یه‌حیایه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رم بڕی، ئه‌وه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌!»
17
خودی هێرۆدس ناردبووی، له‌به‌ر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئه‌وه‌ی كه‌ خواستبووی، یه‌حیای گرتبوو و له‌ زیندان به‌ستبوویه‌وه‌،
18
چونكه‌ یه‌حیا به‌ هێرۆدسی ده‌گوت: «دروست نییه‌ براژنه‌كه‌ت بخوازیت.»
19
ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی ده‌بووه‌وه‌ و ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام نه‌یده‌توانی،
20
چونكه‌ هێرۆدس له‌ یه‌حیا ده‌ترسا، ده‌یزانی پیاوێكی ڕاستودروست و پیرۆزه‌، ده‌یپاراست. كاتێك گوێی لێ ده‌گرت زۆر ده‌شێوا، حه‌زیشی ده‌كرد گوێی لێ بگرێت.
21
ده‌رفه‌تێك ڕێككه‌وت، كاتێك هێرۆدس له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره‌ پیاوانی و فه‌رمانده‌كانی و ماقوڵانی جه‌لیل خوانی سازكرد.
22
كچی هیرۆدیا هاته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌مای كرد. جا هێرۆدس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیاندابووه‌وه‌ دڵخۆشی كردن.
پاشا به‌ كچه‌كه‌ی گوت: «ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت له‌ منی داوا بكه‌، ده‌تده‌مێ.»
23
سوێندیشی بۆ خوارد: «هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی شانشینه‌كه‌شم بێت.»
24
ئه‌ویش چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ دایكی گوت: «داوای چی بكه‌م؟» گوتی: «سه‌ری یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش.»
25
ده‌ستبه‌جێ و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و گوتی: «ده‌مه‌وێت ئێستا سه‌ری یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشم له‌سه‌ر سینییه‌ك بده‌یتێ.»
26
پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌.
27
پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنێت. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی،
28
له‌سه‌ر سینییه‌ك سه‌ری ئه‌وی هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دای به‌ دایكی.
29
قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێكدا ناشتیان.
تێربوونی پێنج هه‌زار كه‌س 
30
نێردراوان له‌ عیسا كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌.
31
ئه‌ویش پێی فه‌رموون: «هه‌ر خۆتان وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێك پشوو بده‌ن.» له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو.
32
ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ به‌له‌م چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ.
33
به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌وانیان له‌ كاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننه‌وه‌، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێ به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایانده‌كرد و پێشیان كه‌وتن.
34
كاتێك عیسا له‌ به‌له‌م دابه‌زی، خه‌ڵكێكی ئێجگار زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ك مه‌ڕی بێ شوان وابوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن.
35
كاتێك دره‌نگ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای، گوتیان: «ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و ئێستا كاتیش دره‌نگه‌.
36
به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م كێڵگه‌ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر خواردن بۆ خۆیان بكڕن.»
37
به‌ڵام وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار[b] نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟»
38
ئه‌ویش پێی فه‌رموون: «بڕۆن بزانن چه‌ند نانتان هه‌یه‌.» كه‌ زانییان گوتیان: «پێنج نان له‌گه‌ڵ دوو ماسی.»
39
ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن.
40
به‌ كۆمه‌ڵ دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا.
41
ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسییه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌ش كرد.
42
هه‌موو خواردیان و تێر بوون.
43
پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ په‌لكه‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌.
44
ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد پێنج هه‌زار پیاو بوون.
عیسا به‌سه‌ر ئاودا ده‌ڕوات 
45
ده‌ستبه‌جێ عیسا قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری به‌له‌مه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، بۆ شارۆچكه‌ی بێت‌سه‌یدا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات.
46
كه‌ خواحافیزی لێكردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ.
47
كه‌ ئێواره‌ داهات، به‌له‌مه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌كه‌ بوو، عیساش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكانی بوو.
48
كه‌ بینی قوتابییه‌كانی به‌هۆی سه‌وڵ لێدانه‌وه‌ ماندوون، چونكه‌ بایه‌ك پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ به‌ره‌به‌یان هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپه‌ڕێت.
49
به‌ڵام كاتێك بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد،
50
چونكه‌ هه‌موو بینییان و په‌شۆكان.
ئه‌و ده‌ستبه‌جێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن: «وره‌تان به‌رز بێ! منم. مه‌ترسن.»
51
ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌ و بایه‌كه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون،
52
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ په‌رجووی نانه‌كان تێنه‌گه‌یشتن. دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو.
عیسا نه‌خۆشی دیكه‌ چاك ده‌كاته‌وه‌ 
53
كاتێك په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ خاكی جه‌نیساره‌ت و له‌نگه‌ریان گرت.
54
كاتێك له‌ به‌له‌مه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵك عیسایان ناسییه‌وه‌.
55
به‌ په‌له‌ ڕۆیشتن و ده‌ستیان كرد به‌ هێنانی نه‌خۆشه‌كانیان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ بۆ هه‌ر شوێنێك كه‌ ده‌یانبیست عیسای لێیه‌.
56
بۆ هه‌ر شوێنێك ده‌چوون، گوند، شار، كێڵگه‌، خه‌ڵك نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێیدا چاكبوونه‌وه‌.
  1. a. 6‏:2 په‌رجوو: موعجیزه‌.
  2. b. 6‏:37 دینارێك كرێی ڕۆژانه‌ی كرێكارێك بوو.