عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاككردنه‌وه‌ی ئیفلیجێك 
1
پاش چه‌ند ڕۆژێك عیسا هاته‌وه‌ ناو كه‌فه‌رناحوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌.
2
خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌رگاش شوێن نه‌مابوو. ئه‌ویش وشه‌ی خودای بۆیان ڕاگه‌یاند.
3
له‌و كاته‌دا ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو.
4
به‌ڵام به‌هۆی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ نه‌یانتوانی لێی نزیك ببنه‌وه‌. جا كونێكی گه‌وره‌یان كرده‌ سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ عیسای لێبوو و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ پیاوه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو.
5
كاتێك عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: «كوڕم، گوناهه‌كانت به‌خشران.»
6
هه‌ندێك مامۆستایانی ته‌ورات له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیاندا بیریان ده‌كرده‌وه‌:
7
«بۆچی ئه‌مه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێت؟ كفر ده‌كات! بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه ببه‌خشێت؟»
8
ده‌ستبه‌جێ عیسا له‌ ناخی خۆیدا زانی له‌ دڵی خۆیاندا به‌و جۆره‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: «بۆچی له‌ دڵتاندا بیر له‌م شتانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟
9
كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: ”گوناهه‌كانت به‌خشران،“ یان بڵێی: ”هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ“؟
10
به‌ڵام تاكو بزانن، كوڕی مرۆڤ[a] له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ گوناه ببه‌خشێت،…» ئینجا به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو:
11
«پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆره‌وه‌ ماڵه‌وه‌.»
12
ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو سه‌رسام بوون و ستایشی خودایان كرد، گوتیان: «هه‌رگیز شتی وامان نه‌بینیوه‌!»
عیسا لێڤی بانگهێشت ده‌كات 
13
دیسان عیسا چووه‌ سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ویش فێری ده‌كردن.
14
له‌ كاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی كوڕی حه‌لفی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: «دوام كه‌وه‌.» ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت.
15
كاتێك له‌ ماڵی ئه‌و دانیشتبوو زۆر له‌ باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ عیسا و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ زۆر بوو كه‌ دوای كه‌وتبوون.
16
كاتێك مامۆستایانی ته‌ورات كه‌ فه‌ریسی بوون بینییان عیسا وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به‌ قوتابییه‌كانیان گوت: «بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟»
17
كه‌ عیسا گوێی له‌مه‌ بوو، پێی فه‌رموون: «له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران.»
ده‌رباره‌ی ڕۆژوو 
18
كاتێك قوتابییه‌كانی یه‌حیا و فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، چه‌ند كه‌سێك هاتنه‌ لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییه‌كانی یه‌حیا و قوتابی فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟»
19
عیساش پێی فه‌رموون: «ئایا بانگهێشتكراوانی زه‌ماوه‌ند ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێك زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ هه‌تا زاوا له‌گه‌ڵیاندا بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن.
20
به‌ڵام ڕۆژێك دێت كه‌ زاوایان لێ دوور ده‌خرێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن.
21
«كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆیه‌ك كه‌ نه‌چووبێته‌ ئاو پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت.
22
كه‌سیش شه‌رابی نوێ ناكاته‌ ناو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ك شه‌رابه‌كه‌ مه‌شكه‌كه‌ بدڕێنێت، شه‌رابه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵك ده‌بێت. به‌ڵكو شه‌رابی نوێ ده‌كرێته‌ ناو مه‌شكه‌ی نوێوه‌.»
گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 
23
له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا عیسا به‌ناو ده‌غڵدا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی به‌ ڕێگاوه‌ ده‌ستیان كرد به‌ گوڵه‌گه‌نم لێكردنه‌وه‌.
24
فه‌ریسییه‌كان پێیان گوت: «بڕوانه‌، بۆچی شتێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌؟»
25
عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئایا نه‌تانخوێندووه‌ته‌وه‌ داود چی كرد كاتێك خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون كه‌وتنه‌ ته‌نگانه‌ و برسییان بوو؟
26
له‌ سه‌رده‌می ئه‌بیاتاری سه‌رۆك كاهین، داود چووه‌ ناو ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی[b] خوارد، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و نانه‌ی كه‌ دروست نییه‌ بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت.»
27
ئینجا پێی فه‌رموون: «شه‌ممه‌ بۆ مرۆڤ به‌دیهێنراوه‌، نه‌وه‌ك مرۆڤ بۆ شه‌ممه‌.
28
كه‌واته‌ كوڕی مرۆڤ گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌.»
  1. a. 2‏:10 كوڕی مرۆڤ: مه‌سیح به‌م نازناوه‌ خۆی ده‌ناسێنێت. بڕوانه‌\+xt دانیال 7‏:13‏-14.‏\+xt*‏
  2. b. 2‏:26 بڕوانه‌ په‌راوێزی \+xt مه‌تا 12‏:4‏\+xt*‏