عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چاککردنەوەی ئیفلیجێک
 - 1
 - پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە بۆ کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە.
 - 2
 - خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو، ئەویش دەستی کرد بە باسکردنی پەیامی خودای بۆیان.
 - 3
 - لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو.
 - 4
 - بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
 - 5
 - کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»
 - 6
 - هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان:
 - 7
 - «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
 - 8
 - دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟
 - 9
 - کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟
 - 10
 - بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ[a] لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو:
 - 11
 - «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
 - 12
 - ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
 - عیسا لێڤی بانگهێشت دەکات
 - 13
 - دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان.
 - 14
 - لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
 - 15
 - لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون.
 - 16
 - مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، کاتێک بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
 - 17
 - کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
 - لەبارەی ڕۆژووەوە
 - 18
 - کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
 - 19
 - عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن.
 - 20
 - بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
 - 21
 - «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەبێت.
 - 22
 - کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە مەشکەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
 - گەورەی ڕۆژی شەممە
 - 23
 - لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە.
 - 24
 - فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»
 - 25
 - عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟
 - 26
 - لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆکی کاهینان، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[b]  خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»
 - 27
 - ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەک مرۆڤ بۆ شەممە.
 - 28
 - کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
 
- a. 2:10 کوڕی مرۆڤ: مەسیح بەم نازناوە خۆی دەناسێنێت. بڕوانە دانیال 7:13-14.
 - b. 2:26 بڕوانە پەراوێزی مەتا 12:4
 

