عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
 - 1
 - هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس.
 - 2
 - پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» - 3
 - کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد.
 - 4
 - پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
 - 5
 - بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.
 - بڕیاری لەخاچدانی عیسا
 - 6
 - لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد.
 - 7
 - پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو[a] .
 - 8
 - ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان.
 - 9
 - پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
 - 10
 - چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو.
 - 11
 - بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
 - 12
 - پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
 - 13
 - هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
 - 14
 - پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» - 15
 - پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
 - سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
 - 16
 - سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە.
 - 17
 - کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا.
 - 18
 - دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!»
 - 19
 - بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد.
 - 20
 - کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.
 - لەخاچدانی عیسا
 - 21
 - ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی[b] بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
 - 22
 - ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر».
 - 23
 - شەرابی تێکەڵ بە موڕیان[c] پێدا، بەڵام نەیخواردەوە.
 - 24
 - لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
 - 25
 - کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی[d] بەیانی بوو،
 - 26
 - ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو:
پاشای جولەکە. - 27
 - دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. {
 - 28
 - نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾[e] }
 - 29
 - ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا،
 - 30
 - خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»
 - 31
 - بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات!
 - 32
 - با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.
 - مردنی عیسا
 - 33
 - کە بووە کاتژمێر دوازدە[f] تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ[g] .
 - 34
 - لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾[h]  دێت.
 - 35
 - کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»
 - 36
 - یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟»
 - 37
 - عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.
 - 38
 - پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
 - 39
 - ئەو سەرپەلەی[i]  بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!»
 - 40
 - چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران.
 - 41
 - ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.
 - ناشتنی عیسا
 - 42
 - ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە،
 - 43
 - یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
 - 44
 - پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە.
 - 45
 - کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف.
 - 46
 - ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە.
 - 47
 - مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.
 
- a. 15:7 لەو سەردەمە یاخیبووان لە دژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕاپەڕینێکیان ئەنجام دابوو.
 - b. 15:21 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەم سەردەمەدا.
 - c. 15:23 موڕ: بۆنێک بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازار تێکەڵ بە شەراب کراوە.
 - d. 15:25 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم.
 - e. 15:28 ئیشایا 53:12.
 - f. 15:33 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.
 - g. 15:33 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.
 - h. 15:34 زەبوورەکان 22:1
 - i. 15:39 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.
 

