عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پیلانێك بۆ كوشتنی عیسا 
1
جه‌ژنی په‌سخه‌ و فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌ورات ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێك عیسا بگرن و بیكوژن،
2
گوتیان: «به‌ڵام نه‌ك له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ك ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ ناو خه‌ڵك.»
ئاماده‌كردنی عیسا بۆ ناشتن 
3
كاتێك عیسا له‌ گوندی بێت‌عه‌نیا بوو، له‌ ماڵی شیمۆنه‌ گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێك هات بوتڵێكی ئه‌له‌باسته‌ریی[a] بۆنی ناردینی بێگه‌ردی گرانبه‌های پێبوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ریدا ڕژاند.
4
به‌ڵام هه‌ندێك زویر بوون و به‌ یه‌كتریان گوت: «بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌فیڕۆ درا؟
5
ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ هه‌ژاران.» جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد.
6
به‌ڵام عیسا فه‌رمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد.
7
هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم.
8
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، زوو جه‌سته‌ی منی بۆ ناشتن چه‌وركرد.
9
ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌ر شوێنێكی له‌ جیهاندا ئه‌م مزگێنییه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت، وه‌ك یادكردنه‌وه‌یه‌ك باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی.»
ناپاكی یه‌هوزا 
10
یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێك بوو له‌ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌، چوو بۆ لای كاهینانی باڵا تاكو عیسا به‌ گرتن بدات.
11
كاتێك گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێك ده‌گه‌ڕا تاكو به‌ گرتنی بدات.
شێوی مه‌سیح 
12
ڕۆژێك پێش ده‌ستپێكردنی جه‌ژنی فه‌تیره‌، كه‌ به‌رخی په‌سخه‌یان[b] سه‌رده‌بڕی، قوتابییه‌كانی له‌ عیسایان پرسی: «ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو نانی په‌سخه‌ بخۆیت؟»
13
ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: «بڕۆنه‌ ناو شار، پیاوێك تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ك ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون.
14
له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ”مامۆستا ده‌فه‌رموێ: كوا دیوه‌خانه‌كه‌م تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم نانی په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟“
15
ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن.»
16
قوتابییه‌كان ڕۆیشتن و هاتنه‌ شار، وه‌ك پێی فه‌رمووبوون بینییان و نانی په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد.
17
كه‌ ئێواره‌ داهات، عیسا له‌گه‌ڵ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ هات.
18
پاڵیاندابووه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، عیسا فه‌رمووی: «ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، به‌ گرتنم ده‌دات.»
19
خه‌م دایگرتن و یه‌ك له‌دوای یه‌ك گوتیان: «خۆ من نیم؟»
20
پێی فه‌رموون: «یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌ناو قاپه‌كه‌یه‌.
21
كوڕی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ به‌ گرتن ده‌دات! باشتر بوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.»
22
كاتێك نانیان ده‌خوارد، عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد و له‌تی كرد، پێیدان و فه‌رمووی: «وه‌رگرن، ئه‌مه‌ جه‌سته‌ی منه‌.»
23
جامێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و پێیدان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌.
24
پێی فه‌رموون: «ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، خوێنی په‌یمانه‌كه‌یه‌، له‌ پێناوی خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ڕژێت.
25
ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ دێت كه‌ سه‌ر له‌ نوێ له‌ شانشینی خودا ده‌یخۆمه‌وه‌.»
26
ئینجا گۆرانی ڕۆحییان[c] گوت و چوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ كێوی زه‌یتوون.
نكۆڵیكردنی په‌ترۆس 
27
عیسا پێی فه‌رموون: «هه‌مووتان پشتم تێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌:
«{له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م،
مه‌ڕه‌كان په‌رت ده‌بن.}[d]
28
به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.»
29
په‌ترۆس پێی گوت: «ئه‌گه‌ر هه‌موو پشتت لێ بكه‌ن، من پشتت لێ ناكه‌م.»
30
عیسا پێی فه‌رموو: «ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.»
31
به‌ڵام په‌ترۆس زیاتر پێداگری كرد و گوتی: «ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م.» هه‌موو وایان گوت.
نوێژی عیسا له‌ باخی گه‌تسیمانی 
32
چوونه‌ شوێنێك پێی ده‌گوترا گه‌تسیمانی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م.»
33
ئه‌وسا په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نای له‌گه‌ڵ خۆی برد، هه‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی ده‌كرد.
34
پێی فه‌رموون: «زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و شه‌واره‌ بگرن.»
35
كه‌مێك دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێبپه‌ڕێت.
36
فه‌رمووی: «بابه‌![e] باوكه‌، هه‌موو شتێك بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت.»
37
گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نوستوون، به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نه‌تتوانی كاتژمێرێك شه‌واره‌ بگریت؟
38
شه‌واره‌ بگرن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕۆح چالاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌.»
39
دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌.
40
دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نوستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌.
41
سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: «هێشتا نوستوون و پشوو ده‌ده‌ن؟ به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌. ئه‌وه‌تا كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست گوناهباران.
42
هه‌ستن با بڕۆین، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی به‌ گرتنم ده‌دات نزیك بووه‌وه‌.»
گرتنی عیسا 
43
ده‌ستبه‌جێ، كاتێك هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، یه‌هوزا یه‌كێك بوو له‌ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌ورات و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.
44
ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دا نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، گوتبووی: «ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن.»
45
هه‌ر كه‌ یه‌هوزا گه‌یشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!»[f] و ماچی كرد.
46
ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان.
47
به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ خزمه‌تكاری سه‌رۆك كاهینی دا و گوێی بڕی.
48
عیساش پێی فه‌رموون: «وه‌ك بۆ گرتنی یاخیبووێك به‌ كوته‌ك و شمشێره‌وه‌ هاتوون بمگرن؟
49
ڕۆژانه‌ له‌ حه‌وشه‌كانی په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم، به‌ڵام ده‌بێت نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان بێنه‌ دی.»
50
ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و ڕایانكرد.
51
گه‌نجێك دوای عیسا كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشیبوو. كاتێك ئه‌ویان گرت،
52
كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و به‌ ڕووتی ڕایكرد.
دادگاییكردنی عیسا 
53
عیسایان برده‌ لای سه‌رۆك كاهین، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی ته‌ورات كۆبوونه‌وه‌.
54
په‌ترۆسیش دووربه‌دوور تاكو ناو حه‌وشه‌ی سه‌رۆكی كاهینان دوای كه‌وت، له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاران له‌به‌رده‌م ئاگر دانیشتبوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.
55
كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌درین به‌دوای شایه‌تییه‌ك ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر عیسا تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت.
56
كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ شایه‌تییان له‌سه‌ری دا، به‌ڵام شایه‌تییه‌كانیان كۆك نه‌بوو.
57
هه‌ندێك هه‌ستان و به‌ درۆ شایه‌تییان له‌سه‌ری دا و گوتیان:
58
«گوێمان لێی بوو ده‌یگوت: ”ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕووخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت.“»
59
له‌مه‌شدا شایه‌تییه‌كه‌یان كۆك نه‌بوو.
60
سه‌رۆك كاهینیش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ عیسای پرسی: «هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ شایه‌تی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟»
61
به‌ڵام عیسا بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان سه‌رۆك كاهین لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، كوڕی خودای پیرۆز؟»
62
عیسا فه‌رمووی: «من ئه‌وم. له‌ داهاتووش ده‌بینن كوڕی مرۆڤ له‌ ده‌سته‌ ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌.[g] »
63
سه‌رۆك كاهین جله‌كانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان به‌ شایه‌ت هه‌یه‌؟
64
خۆ گوێتان له‌ كفره‌كه‌ بوو، ڕاتان چییه‌؟»
هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مردنه‌.
65
هه‌ندێك كه‌وتنه‌ تف لێكردنی، ده‌م و چاویان داپۆشی و لێیان ده‌دا، پێیان ده‌گوت: «ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ریت، بزانه‌ كێ بوو لێیدایت؟» پاسه‌وانه‌كانیش گرتییان و دایانه‌ به‌ر زلله‌.
نكۆڵی په‌ترۆس له‌ عیسا 
66
په‌ترۆس له‌ خواره‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ بوو، یه‌كێك له‌ كاره‌كه‌رانی سه‌رۆك كاهین هات.
67
په‌ترۆسی بینی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، تێیڕووانی و گوتی: «تۆش له‌گه‌ڵ عیسای ناسیره‌یی بوویت.»
68
به‌ڵام په‌ترۆس نكۆڵیی كرد و گوتی: «نازانم، تێناگه‌م چی ده‌ڵێی.» چووه‌ داڵانه‌كه‌. ⌟ئینجا كه‌ڵه‌شێر خوێندی.⌞
69
كاره‌كه‌ره‌كه‌ بینییه‌وه‌، به‌وانه‌ی گوته‌وه‌ كه‌ له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون: «ئه‌مه‌ش له‌وانه‌.»
70
دیسان نكۆڵیی كرد. پاش كه‌مێك ئه‌وانه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون، به‌ په‌ترۆسیان ده‌گوت: «به‌ ڕاستی تۆ له‌وانیت، چونكه‌ تۆش جه‌لیلیت.»
71
ده‌ستی كرد به‌ نه‌فره‌تلێكردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئه‌م كابرایه‌ی باسی ده‌كه‌ن نایناسم.»
72
ده‌ستبه‌جێ كه‌ڵه‌شێر بۆ دووه‌م جار خوێندی، په‌ترۆسیش قسه‌ی عیسای بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رمووبوو: «پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بخوێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.» خۆی پێ نه‌گیرا و گریا.
  1. a. 14‏:3 له‌ به‌ردی ئه‌له‌باسته‌ر دروستكرابوو، ئه‌م جۆره‌ به‌رده‌ له‌ میسر هه‌یه‌ بۆ تاشین ئاسانه‌ و ڕه‌نگه‌كه‌ی قاوه‌ییه‌.
  2. b. 14‏:12 سه‌ربڕینی به‌رخ له‌ یادی ئه‌و قوربانییه‌ی له‌ سه‌رده‌می موسا له‌ میسردا سه‌ربڕدراوه‌، بڕوانه‌\+xt ده‌رچوون 12‏:1‏-28.‏\+xt*‏
  3. c. 14‏:26 خوێندنه‌وه‌ی زه‌بوور له‌ شێوه‌ی گۆرانی.
  4. d. 14‏:27 \+xt زه‌كه‌ریا 13‏:7‏\+xt*‏
  5. e. 14‏:36 یۆنانی: ئابه‌.
  6. f. 14‏:45 ڕابی: وشه‌یه‌كی عیبرییه‌ به‌ واتای مامۆستا دێت.
  7. g. 14‏:62 \+xt دانیال 7‏:13‏\+xt*‏.