عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس 
1
هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس.
2
پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.»
3
کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد.
4
پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
5
بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا 
6
لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد.
7
پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو[a] .
8
ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان.
9
پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
10
چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو.
11
بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
12
پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
13
هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
14
پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!»
15
پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن 
16
سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە.
17
کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا.
18
دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!»
19
بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد.
20
کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.
لەخاچدانی عیسا 
21
ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی[b] بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
22
ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر».
23
شەرابی تێکەڵ بە موڕیان[c] پێدا، بەڵام نەیخواردەوە.
24
لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
25
کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی[d] بەیانی بوو،
26
ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو:
پاشای جولەکە.
27
دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. {
28
نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾[e] }
29
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا،
30
خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»
31
بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات!
32
با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.
مردنی عیسا 
33
کە بووە کاتژمێر دوازدە[f] تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ[g] .
34
لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾[h] دێت.
35
کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»
36
یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟»
37
عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.
38
پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
39
ئەو سەرپەلەی[i] بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!»
40
چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران.
41
ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.
ناشتنی عیسا 
42
ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە،
43
یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
44
پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە.
45
کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف.
46
ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە.
47
مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.
  1. a. 15‏:7 لەو سەردەمە یاخیبووان لە دژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕاپەڕینێکیان ئەنجام دابوو.‏
  2. b. 15‏:21 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەم سەردەمەدا.‏
  3. c. 15‏:23 موڕ: بۆنێک بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازار تێکەڵ بە شەراب کراوە.‏
  4. d. 15‏:25 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم.‏
  5. e. 15‏:28 ئیشایا 53‏:12‏‏.‏
  6. f. 15‏:33 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏
  7. g. 15‏:33 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  8. h. 15‏:34 زەبوورەکان 22‏:1‏‏
  9. i. 15‏:39 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.‏