عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونەی داوەتی پاشا 
1
عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی:
2
«پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا.
3
کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.
4
«دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا خوانم ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“
5
«بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی.
6
ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن.
7
جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.
8
«ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون،
9
کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“
10
ئەو کۆیلانەش چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.
11
«کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی[a] لەبەر نەکردبوو.
12
پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.
13
«ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“
14
«چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»
سەرانەدان بە قەیسەر 
15
ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد کە چۆن عیسا بە قسەکانی خۆی تووش بکەن.
16
قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت و سڵ لە کەس ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت.
17
کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە؟ دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟»
18
عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟
19
پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا.
20
پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
21
وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە.»
پاشان پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا.»
22
کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
زیندووبوونەوەی مردووان 
23
لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان کە دەڵێن زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:
24
«مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.
25
جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت،
26
بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم هەتا گەیشتە حەوتەم.
27
لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.
28
ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟»
29
عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا.
30
لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.
31
بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ:
32
﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾[b] ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
33
کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
گەورەترین ڕاسپاردە 
34
کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە.
35
یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:
36
«مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟»
37
عیسا پێی فەرموو: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾[c]
38
ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە.
39
دووەمیشیان وەک ئەو وایە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾[d]
40
جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»
مەسیح و داود 
41
کاتێک فەریسییەکان پێکەوە کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین:
42
«دەربارەی مەسیح چی دەڵێن؟ کوڕی کێیە؟»
وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»
43
ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بە سروشی ڕۆحی پیرۆز پێی دەڵێ، ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:
44
«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾[e]
45
بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
46
جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
  1. a. 22‏:11 کاتێک پاشا زەماوەند دەگێڕێت جلوبەرگی تایبەت دابەش دەکات.‏
  2. b. 22‏:32 دەرچوون 3‏:6‏‏
  3. c. 22‏:37 دواوتار 6‏:5‏‏
  4. d. 22‏:39 لێڤییەکان 19‏:18‏‏
  5. e. 22‏:44 زەبوورەکان 110‏:1‏‏