عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کەژاوەی پاشایانە
- 1
- کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێتفاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و
- 2
- پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن.
- 3
- ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»
- 4
- ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[a] گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:
- 5
- ﴿بە شاری سییۆن بڵێن،
 ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
 دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و
 جاشی ماکەرێک بووە.﴾[b]
- 6
- قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان.
- 7
- ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو.
- 8
- خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست.
- 9
- ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد:
 «هۆسانا[c] بۆ کوڕی داود!»
 «﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾[d] »
 «هۆسانا بۆ خودا!»
- 10
- کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»
- 11
- خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»
- پاککردنەوەی پەرستگا
- 12
- عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد.
- 13
- پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾[e]  بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾[f] »
- 14
- نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.
- 15
- بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و
- 16
- لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟»
 عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە:
 «﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە
 ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟»[g]
- 17
- ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێتعەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.
- دار هەنجیری بێ بەر
- 18
- بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو.
- 19
- دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو.
- 20
- کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»
- 21
- عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت.
- 22
- جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»
- دەسەڵاتی عیسا
- 23
- کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
- 24
- عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.
- 25
- لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
 لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
- 26
- ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»
- 27
- ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»
 ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
- نموونەی دوو کوڕەکە
- 28
- ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“
- 29
- «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.
- 30
- «ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[h] ، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.
- 31
- «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟»
 گوتیان: «یەکەمیان.»
 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون،
- 32
- چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»
- نموونەی ڕەزەوانەکان
- 33
- «گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد.
- 34
- کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.
- 35
- «ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد.
- 36
- دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد.
- 37
- لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
- 38
- «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“
- 39
- ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
- 40
- «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»
- 41
- وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»
- 42
- عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان[i]  نەتانخوێندووەتەوە:
 «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
 بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[j] ،
 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
 لەبەرچاومان سەیرە﴾[k] ؟
- 43
- «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات.
- 44
- ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
- 45
- کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات.
- 46
- لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
- a. 21:4 مەبەست لە پێغەمبەر زەکەریایە.
- b. 21:5 زەکەریا 9:9
- c. 21:9 لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش.
- d. 21:9 زەبوورەکان 118:26
- e. 21:13 ئیشایا 56:7
- f. 21:13 یەرمیا 7:11
- g. 21:16 زەبوورەکان 8:2
- h. 21:30 یۆنانی: من.
- i. 21:42 مەبەست لە هەر 39 پەڕتووکەکەی پەیمانی کۆنە، تەوراتی موسا و زەبووری داود و پەندەکانی سلێمانی دانا و مێژوو و پێغەمبەرەکان.
- j. 21:42 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.
- k. 21:42 زەبوورەکان 118:22-23

