عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونه‌ی كرێكارانی ناو ڕه‌ز 
1
«چونكه‌ شانشینی ئاسمان له‌ گه‌وره‌ی ماڵێك ده‌چێت، به‌یانی زوو دێته‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بچێت كرێكار بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی بگرێت.
2
له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان ڕۆژی به‌ دینارێك ڕێككه‌وت، ئینجا ئه‌وانی بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی نارد.
3
«نزیكی كاتژمێر نۆ[a] دووباره‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ مه‌یداندا هه‌ندێكی دیكه‌ی بینی بێكار ڕاوه‌ستابوون،
4
پێی گوتن: ”ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌، چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ.“
5
ئه‌وانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا كاتژمێر دوازده‌ و كاتژمێری سێ ڕۆیشته‌وه‌ و هه‌مان شتی كرده‌وه‌.
6
نزیكی كاتژمێر پێنجی ئێواره‌ دیسان ڕۆیشت، كرێكاری دیكه‌ی بینی ڕاوه‌ستاون، لێی پرسین: ”بۆچی به‌ درێژایی ڕۆژ لێره‌ بێكار ڕاوه‌ستاون؟“
7
«وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: ”چونكه‌ كه‌س به‌ كرێی نه‌گرتووین.“ ئه‌ویش پێی گوتن: ”ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌!“
8
«كاتێك ئێواره‌ داهات خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ به‌ سه‌ركاره‌كه‌ی خۆی گوت: ”كرێكاره‌كان بانگ بكه‌ و كرێیه‌كانیان بده‌رێ، له‌وانه‌ی كۆتاییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ تاكو یه‌كه‌م.“
9
«جا ئه‌وانه‌ی كاتژمێر پێنج[b] هاتن، هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت.
10
یه‌كه‌مینه‌كانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت.
11
كه‌ وه‌ریانده‌گرت بۆڵه‌بۆڵیان به‌سه‌ر خاوه‌ن ماڵ ده‌كرد و
12
ده‌یانگوت: ”دواهه‌مینه‌كان كاتژمێرێك ئیشیان كرد. تۆش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌كسانت كردن كه‌ گرانی و گه‌رمای ڕۆژمان كێشاوه‌.“
13
«وه‌ڵامی یه‌كێكیانی دایه‌وه‌: ”براده‌ر، من غه‌درم لێ نه‌كردوویت. ئایا له‌گه‌ڵ من به‌ دینارێك ڕێك نه‌كه‌وتوویت؟
14
هی خۆت ببه‌ و بڕۆ. من ده‌مه‌وێت به‌وه‌ی دواهه‌مینیش وه‌ك تۆی بده‌مێ.
15
ئایا بۆم نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌ ماڵی خۆمی بكه‌م؟ یان چاوت هه‌ڵنایه‌ت چونكه‌ من چاكم؟“
16
«به‌م شێوه‌یه‌ دواهه‌مین ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مینیش ده‌بنه‌ دواهه‌مین.»
سێیه‌م باسی مردنی عیسا 
17
كاتێك عیسا بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وت، دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی جیا كرده‌وه‌ و به‌ ڕێگاوه‌ پێی فه‌رموون:
18
«ئه‌وا بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وین، كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌ورات، ئه‌وانیش بڕیاری مردنی ده‌ده‌ن و
19
بۆ گاڵته‌ پێكردن و به‌ قامچی لێدان و له‌خاچدان ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێنرێته‌وه‌.»
خزمه‌تكار پایه‌به‌رزترینه‌ 
20
ئینجا دایكی كوڕه‌كانی زه‌بدی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی هاته‌ لای و كڕنۆشی برد و داوای لێكرد شتێكی بۆ بكات.
21
ئه‌ویش پێی فه‌رموو: «چیت ده‌وێت؟» گوتی: «بفه‌رموو با هه‌ردوو كوڕه‌كه‌م له‌ شانشینییه‌كه‌تدا یه‌كێكیان له‌لای ڕاستت و ئه‌وی دیكه‌یان له‌لای چه‌پت دانیشن.»
22
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌[c] بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌؟» وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «ده‌توانین.»
23
ئه‌ویش پێی فه‌رموون: «له‌ ڕاستیدا له‌ جامی من ده‌خۆنه‌وه‌، به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌، بۆ من نییه‌ بیده‌م، به‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ باوكم بۆی ئاماده‌ كردوون.»
24
كاتێك ده‌ قوتابییه‌كه بیستیان، له‌ دوو براكه‌ تووڕه‌ بوون.
25
به‌ڵام عیسا بانگی كردن و فه‌رمووی: «ده‌زانن سه‌رۆك نه‌ته‌وه‌كان وه‌ك میر فه‌رمانڕه‌واییان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
26
جا له‌نێو ئێوه‌دا ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا پایه‌ی به‌رز بێت، با ببێته‌ خزمه‌تكارتان و
27
ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێ له‌نێوتاندا ببێته‌ یه‌كه‌م، با ببێته‌ به‌نده‌تان،
28
هه‌روه‌ك كوڕی مرۆڤ كه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو خزمه‌ت بكرێت، به‌ڵكو خزمه‌ت بكات و ژیانی خۆی به‌خت بكات بۆ كڕینه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر.»
چاككردنه‌وه‌ی دوو كه‌سی نابینا 
29
كاتێك عیسا و قوتابییه‌كانی ئه‌ریحایان به‌جێده‌هێشت، خه‌ڵكێكی زۆر دوای كه‌وت.
30
ئه‌وه‌ بوو دوو كه‌سی نابینا له‌ قه‌راغ ڕێگاكه‌دا دانیشتبوون، كاتێك گوێیان لێبوو عیسا وا به‌وێدا ده‌ڕوات، هاواریان كرد: «گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌.»
31
جا خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رزه‌نشتیان كردن تاكو بێده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان كرد: «گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!»
32
عیسا ڕاوه‌ستا، بانگی كردن و فه‌رمووی: «چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟»
33
وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «ده‌مانه‌وێت چاومان بكه‌یته‌وه‌، گه‌وره‌م.»
34
عیساش دڵی پێیان سووتا و ده‌ستی له‌ چاویان دا، ده‌ستبه‌جێ ڕۆشنایی هاته‌وه‌ چاویان و دوای كه‌وتن.
  1. a. 20‏:3 ده‌كاته‌ كاتژمێری سێیه‌م به‌ كاتی عیبری. ده‌ستپێكردنی ڕۆژ و كاتژمێر له‌ كاتی عیبری كاتژمێر شه‌ش بووه‌ به‌ كاتی ئێستا.
  2. b. 20‏:9 یۆنانی: كاتژمێری یازده‌یه‌م.
  3. c. 20‏:22 مه‌به‌ستی له‌و ئازاره‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی پلانی خودا له‌سه‌ر خاچ ده‌یچێژێت.