عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز
- 1
- «شانشینی ئاسمان لە خاوەن ڕەزێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت.
- 2
- لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
- 3
- «نزیکی کاتژمێر نۆ[a] دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون،
- 4
- پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“
- 5
- ئەوانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. - 6
- نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
- 7
- «وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن!“
- 8
- «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەوە دەستپێبکە کە لە کۆتاییەوە هاتن بۆ ئەوانەی لە سەرەتاوە هاتن.“
- 9
- «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج[b] هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
- 10
- یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
- 11
- کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ڕەزەکەدا دەکرد و
- 12
- دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە سەختی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
- 13
- «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟
- 14
- هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ.
- 15
- ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت بەوەدا هەڵنایەت کە من کەسێکی دەستکراوەم؟“
- 16
- «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
- سێیەم باسی مردنی عیسا
- 17
- کاتێک عیسا بەرەو ئۆرشەلیم دەڕۆیشت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون:
- 18
- «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و
- 19
- بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
- خزمەتکار پایەبەرزترینە
- 20
- ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای عیسا و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
- 21
- ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
- 22
- عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[c] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» - 23
- ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
- 24
- کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانیان بیستەوە، لە دوو براکە تووڕە بوون.
- 25
- بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
- 26
- بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و
- 27
- ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان،
- 28
- وەک چۆن کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
- چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
- 29
- کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت.
- 30
- ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
- 31
- جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
- 32
- عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
- 33
- وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.»
- 34
- عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن.
- a. 20:3 بەرامبەرە لەگەڵ کاتژمێر سێی عیبری، چونکە دەستپێکردنی یەکەم کاتژمێری ڕۆژێکی نوێ بە کاتی عیبری بەرامبەرە بە کاتژمێر شەشی بەیانی ئێستا.
- b. 20:9 یۆنانی: کاتژمێری یازدەیەم.
- c. 20:22 مەبەستی لەو ئازارەیە کە بەگوێرەی پلانی خودا لەسەر خاچ دەیچێژێت.