عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لەدایکبوونی عیسا 
1
لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی[a] ناونووس بکرێت.
2
ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو.
3
ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی.
4
یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێت‌لەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو،
5
تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو.
6
کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات.
7
جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.
شوانەکان و فریشتەکان 
8
لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت.
9
فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت.
10
فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە.
11
ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی[b] خاوەن شکۆیە.
12
ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.»
13
لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت:
14
«شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان،
لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.»
15
کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێت‌لەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.»
16
خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە.
17
کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو.
18
هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن.
19
بەڵام مریەم هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت و لێکی دەدایەوە.
20
شوانەکان گەڕانەوە و خودایان شکۆدار کرد و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو.
خەتەنەکردنی عیسا 
21
لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات،[c] هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت.
22
پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە[d] عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا،
23
کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: ﴿هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت‏.﴾[e]
24
بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: ﴿دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر‏.﴾[f]
25
پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری[g] ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو.
26
بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت.
27
بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن،
28
شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:
29
«ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت
بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
30
ئەوا چاوم ڕزگاریی[h] تۆی بینی،
31
ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
32
هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و
ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»
33
دایک و باوکی[i] سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا.
34
شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت،
35
هەتا نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»
36
پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو،
37
پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵ. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ بە نوێژ و ڕۆژوو خودای دەپەرست.
38
هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی[j] ئۆرشەلیم بوون.
39
کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل.
40
منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی[k] لەسەر بوو.
عیسا لە پەرستگادا 
41
دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم.
42
کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن.
43
دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە.
44
لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان.
45
کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن.
46
دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات.
47
هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون.
48
کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»
49
وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟»
50
بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.
51
ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو. مریەمی دایکی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە.
52
عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.
  1. a. 2‏:1 مەبەست لە سنووری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییە.‏
  2. b. 2‏:11 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ‏\+tl* یان \+tl مەشیح‏\+tl*. بە زمانی یۆنانی دەبێتە \+tl کریستۆس‏\+tl*، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏
  3. c. 2‏:21 بڕوانە لێڤییەکان 12‏:3‏.‏
  4. d. 2‏:22 پاکبوونەوەی مریەم لە زەیستانی، بەگوێرەی نەریتی تەورات ئافرەت لەم ماوەیەدا گڵاوە. بڕوانە لێڤییەکان 12‏:1‏-7.‏‏
  5. e. 2‏:23 دەرچوون 13‏:2‏،12‏‏.‏
  6. f. 2‏:24 لێڤییەکان 12‏:8.‏‏
  7. g. 2‏:25 هاتنی مەسیح، بۆ ڕزگارکردنی گەل لەژێر بارگرانی گوناه.‏
  8. h. 2‏:30 مەبەستی لە عیسای ڕزگارکەرە.‏
  9. i. 2‏:33 لە باری کۆمەڵایەتییەوە یوسف وەک باوکی عیسا ناسراوە، بەهۆی ئەوەی مێردی مریەم بووە لە منداڵییەوە ئەو عیسای بەخێو کردووە.‏
  10. j. 2‏:38 لە یۆنانی وشەیەک بەکارهاتووە بە واتای کڕینەوە دێت، کە مەبەستی لە کڕینەوەی مرۆڤە بە مەبەستی ڕزگارکردنی. بڕوانە دەرچوون 14، عیبرانییەکان 9‏:12.‏‏
  11. k. 2‏:40 نیعمەتی خودا لێرەدا مەبەست لەو بەخشینە خوداییە کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی ڕۆحی و هزری. بڕوانە 2‏:42‏.‏