عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاككردنه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌ شه‌ممه‌ 
1
ئه‌وه‌ بوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا كاتێك عیسا بۆ نانخواردن چووه‌ ماڵی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ فه‌ریسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون چاودێرییان ده‌كرد.
2
پیاوێكیش كه‌ نه‌خۆشی ئاوبه‌ندی هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ری بوو.
3
عیسا له‌ ته‌وراتناس و فه‌ریسییه‌كانی پرسی: «ئایا له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌ یان نا؟»
4
ئه‌وان بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش كابرای گرت و چاكیكرده‌وه‌ و به‌ڕێی كرد.
5
پێی فه‌رموون: «كامه‌تان كوڕه‌كه‌ی یان گایه‌كه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ بیره‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ریناهێنێت؟»
6
نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌م شتانه‌ بده‌نه‌وه‌.
نموونه‌ی بانگهێشتكراوان 
7
كاتێك تێبینی كرد چۆن بانگهێشتكراوان ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، نموونه‌یه‌كی هێنایه‌وه‌ و فه‌رمووی:
8
«كاتێك یه‌كێك بۆ شایی بانگهێشتت ده‌كات، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دامه‌نیشه‌، نه‌وه‌ك له‌ تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت كردبێت.
9
ئینجا ئه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وی بانگهێشت كردووه‌، دێت و پێت ده‌ڵێ: ”شوێنه‌كه‌ت بۆ ئه‌مه‌ چۆڵ بكه‌،“ تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه‌ و ڕیزی دواوه‌ ده‌گریت.
10
به‌ڵام كاتێك بانگهێشت ده‌كرێیت بڕۆ له‌ دواوه‌ دانیشه‌، تاوه‌كو كاتێك ئه‌وه‌ی بانگهێشتی كردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هه‌سته‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌.“ ئه‌وسا له‌به‌رچاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵت دانیشتوون قه‌درگران ده‌بیت.
11
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.»
12
ئینجا به‌وه‌ی گوت كه‌ بانگهێشتی كردووه‌: «كاتێك نانی نیوه‌ڕۆ یان ئێواره‌ ئاماده‌ ده‌كه‌یت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانت بانگ مه‌كه‌، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش بانگت بكه‌نه‌وه‌، چاكه‌ت بده‌نه‌وه‌.
13
به‌ڵكو ئه‌گه‌ر میواندارییه‌كت كرد، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و شه‌ل و كوێر بانگهێشت بكه‌.
14
خۆزگه‌ت پێ ده‌خوازرێ، چونكه‌ نییانه‌ پاداشتت بده‌نه‌وه‌، تۆش له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕاستودروستان پاداشت ده‌درێیته‌وه‌.»
نموونه‌ی میواندارییه‌ك 
15
یه‌كێك له‌ میوانه‌كان ئه‌مه‌ی بیست، گوتی: «خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وه‌ی له‌ شانشینی خودا نان ده‌خوات.»
16
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «كابرایه‌ك شێوێكی گه‌وره‌ی ئاماده‌ كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگهێشت كرد.
17
كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگهێشتكراوان بڵێت: ”فه‌رموون، ئێستا هه‌موو شتێك ئاماده‌یه‌.“
18
«به‌ڵام هه‌موو وه‌ك یه‌ك داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی گوت: ”كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌.“
19
«یه‌كێكی دیكه‌ گوتی: ”پێنج جووت گام كڕیوه‌ و ده‌چم بزانم چۆنن، تكایه‌ لێم ببوره‌.“
20
«یه‌كێكی دیكه‌شیان گوتی: ”ژنم هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانم بێم.“
21
«كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌.“
22
«كۆیله‌كه‌ گوتی: ”گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌.“
23
«گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی گوت: ”بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵك بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت.
24
پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات.“»
ئه‌وه‌ی له‌ قوتابییان داواده‌كرێ 
25
خه‌ڵكێكی زۆر له‌گه‌ڵ عیسا ده‌ڕۆیشتن به‌ ڕێگادا، ئاوڕی دایه‌وه‌ و پێی گوتن:
26
«ئه‌گه‌ر یه‌كێك بێته‌ لام و ڕقی[a] له‌ دایك و باوكی، ژن و منداڵی، برا و خوشكه‌كانی نه‌بێته‌وه‌، بگره‌ له‌ خۆشی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من.
27
ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من.
28
«كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت قولله‌یه‌ك دروستبكات، یه‌كه‌م جار دانانیشێت و خه‌رجییه‌كه‌ی ناخه‌مڵێنێت، ئاخۆ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی؟
29
نه‌وه‌ك بناغه‌كه‌ی دابنێت و نه‌توانێت ته‌واوی بكات، ئه‌وسا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یبینن گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن،
30
ده‌ڵێن: ”ئه‌م پیاوه‌ ده‌ستی پێكرد بینا بكات و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات.“
31
«یان چ پاشایه‌ك ده‌چێته‌ شه‌ڕی پاشایه‌كی دیكه‌ و یه‌كه‌م جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناكات، ئایا به‌ ده‌ هه‌زار كه‌سه‌وه‌ ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیست هه‌زاره‌وه‌ دێته‌ سه‌ری؟
32
ئه‌گینا خۆ تاكو دووره‌، شاندێكی بۆ ده‌نێرێت و داوای ئاشتی ده‌كات.
33
به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكتان ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شتێك نه‌هێنێت كه‌ هه‌یه‌تی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من.
نموونه‌ی خوێ 
34
«خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟
35
ئه‌وسا نه‌ به‌كه‌ڵكی زه‌وی دێت و نه‌ به‌كه‌ڵكی په‌یین دێت، به‌ڵكو فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌.
«ئه‌وه‌ی گوێی بۆ بیستن هه‌یه‌، با ببیستێت.»
  1. a. 14‏:26 مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ عیسای له‌ دایك و باوكی خۆشتربووێت، بڕوانه‌ \+xt مه‌تا 10‏:37‏\+xt*‏.