عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونه‌ی مه‌ڕه‌ ونبووه‌كه‌ 
1
هه‌موو باجگر و گوناهباران لێی نزیك ده‌بوونه‌وه‌ تاكو گوێ له‌ عیسا بگرن.
2
جا فه‌ریسی و مامۆستایانی ته‌ورات بۆڵه‌بۆڵیان ده‌كرد: «ئه‌مه‌ پێشوازی له‌ گوناهباران ده‌كات و نانیان له‌گه‌ڵ ده‌خوات.»
3
عیساش ئه‌م نموونه‌یه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌:
4
«كامه‌تان ئه‌گه‌ر سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ون بێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ له‌ ده‌شت به‌جێناهێڵێت و به‌دوای ونبووه‌كه‌دا ناچێت هه‌تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟
5
كاتێك دۆزییه‌وه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر شانی و
6
دێته‌وه‌ ماڵ، هاوڕێ و دراوسێكان بانگ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: ”له‌گه‌ڵم دڵشاد بن! مه‌ڕه‌ ونبووه‌كه‌م دۆزییه‌وه‌.“
7
پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئاسمانیش شادی زیاتر ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ گوناهبارێك تۆبه‌ بكات له‌ نه‌وه‌د و نۆ ڕاستودروست[a] كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌.
نموونه‌ی درهه‌مه‌ ونبووه‌كه‌ 
8
«یان چ ئافره‌تێك ده‌ درهه‌می[b] هه‌بێت و یه‌ك درهه‌می ون بكات، چرا هه‌ڵناكات و ماڵه‌كه‌ گسك نادات و به‌ وردی ناگه‌ڕێت، هه‌تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟
9
كه‌ دۆزییه‌وه‌، هاوڕێ و دراوسێكانی بانگ ده‌كات و ده‌ڵێت: ”له‌گه‌ڵم دڵشاد بن، ئه‌و درهه‌مه‌ی ونم كردبوو، دۆزیمه‌وه‌.“
10
پێتان ده‌ڵێم: به‌ هه‌مان شێوه‌، فریشته‌كانی خودا دڵشاد ده‌بن كاتێك گوناهبارێك تۆبه‌ ده‌كات.»
نموونه‌ی كوڕه‌ ونبووه‌كه‌ 
11
ئینجا فه‌رمووی: «كابرایه‌ك دوو كوڕی هه‌بوو.
12
بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی گوت: ”باوكه‌، چیم به‌رده‌كه‌وێ له‌ به‌شه‌ میراتی خۆم، بمده‌رێ.“ ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی بۆ دابه‌شكردن.
13
«دوای چه‌ند ڕۆژێك، كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ هه‌موو شته‌كانی كۆكرده‌وه‌ و به‌ره‌و وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، له‌وێ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕابواردن دانا.
14
له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووی خه‌رجكرد، قاتوقڕی گه‌وره‌ كه‌وته‌ ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووشی نه‌بوونی هات.
15
ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییه‌كی ناوچه‌كه‌ برد، ئه‌ویش ناردییه‌ كێڵگه‌كانی بۆ له‌وه‌ڕاندنی به‌راز.
16
حه‌زی ده‌كرد به‌و خڕنووكه‌ سكی خۆی تێر بكات كه‌ به‌رازه‌كان ده‌یانخوارد به‌ڵام كه‌س هیچی پێنه‌ده‌دا.
17
«ئینجا به‌ هۆش خۆی هاته‌وه‌ و گوتی: ”ئاخۆ چه‌ند كرێكاری باوكم نانیان له‌به‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، منیش لێره‌ وا له‌ برسان ده‌مرم.
18
هه‌ڵده‌ستم ده‌چمه‌وه‌ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: باوكه‌، له‌ دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد.
19
ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ به‌ كرێكارێكی خۆت.“
20
جا هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ لای باوكی.
«هێشتا دوور بوو باوكی ئه‌وی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایكرد و باوه‌شی پێداكرد و ماچی كرد.
21
«كوڕه‌ش پێی گوت: ”باوكه‌، له‌ دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد، ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم.“
22
«به‌ڵام باوكه‌كه‌ به‌ خزمه‌تكارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبه‌رگ بهێنن و له‌به‌ری بكه‌ن، ئه‌نگوستیله‌یه‌ك بكه‌نه‌ په‌نجه‌ی و پێڵاویش بۆ پێی.
23
گوێره‌كه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌ش بهێنن و سه‌ری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین،
24
چونكه‌ ئه‌م كوڕه‌م مردوو بوو و زیندوو بووه‌ته‌وه‌، ون ببوو و دۆزراوه‌ته‌وه‌.“ جا ده‌ستیان به‌ ئاهه‌نگ گێڕان كرد.
25
«كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ بوو، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ماڵ نزیك بووه‌وه‌، گوێی له‌ مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ بوو.
26
یه‌كێك له‌ خزمه‌تكارانی بانگكرد و پرسیاری كرد، ”ئه‌مه‌ چییه‌؟“
27
پێی گوت: ”براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌ی سه‌ربڕی، چونكه‌ به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.“
28
«كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ تووڕه‌ بوو و نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. ئیتر باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و تكای لێكرد.
29
به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌: ”ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ كۆیلایه‌تیت بۆ ده‌كه‌م و هه‌رگیز له‌ فه‌رمانت ده‌رنه‌چووم، ته‌نانه‌ت كاریله‌یه‌كت نه‌دامێ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم پێی دڵخۆش بم.
30
به‌ڵام كاتێك ئه‌م كوڕه‌ت هاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌تی له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشان لووش دا، گوێره‌كه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌ت بۆی سه‌ربڕی.“
31
«ئه‌ویش پێی گوت: ”كوڕم، تۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ منی، هه‌رچیم هه‌یه‌ هی تۆیه‌.
32
به‌ڵام پێویسته‌ دڵخۆش و شاد بین، چونكه‌ ئه‌م برایه‌ت مردوو بوو و زیندوو بووه‌ته‌وه‌، ون ببوو و دۆزراوه‌ته‌وه‌.“»
  1. a. 15‏:7 مه‌به‌ست له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رچاوی خۆیان ڕاستودروستن.
  2. b. 15‏:8 یۆنانی: \+tl دره‌خمه‌\+tl*، كرێی یه‌ك ڕۆژی كرێكارێك.