عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نموونه‌ی سه‌ركاری ناپاك 
1
هه‌روه‌ها عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «كابرایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌ركارێكی هه‌بوو، سكاڵای به‌فیڕۆدانی ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ری پێگه‌یشت.
2
كابرای ده‌وڵه‌مه‌ند بانگی كرد و لێی پرسی: ”ئه‌مه‌ چییه‌ له‌سه‌ر تۆ ده‌یبیستمه‌وه‌؟ برۆ حیسابی سه‌ركارییه‌كه‌ت بكه‌ و بیخه‌ به‌رده‌ستم، چونكه‌ ئیتر ناتوانیت سه‌ركار بیت.“
3
«سه‌ركاره‌كه‌ به‌ خۆی گوت: ”چی بكه‌م، چونكه‌ گه‌وره‌كه‌م سه‌ركارییه‌كه‌م لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌؟ ناتوانم زه‌وی بكێڵم و شه‌رمیش ده‌كه‌م سواڵ بكه‌م.
4
به‌ڵام ده‌زانم چی ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك له‌ سه‌ركارییه‌كه‌ ده‌ركرام، خه‌ڵكی له‌ ماڵه‌كانیان پێشوازیم لێ بكه‌ن.“
5
«جا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قه‌رزاره‌كانی گه‌وره‌كه‌ی بانگكرد. به‌ یه‌كه‌میانی گوت: ”چه‌ند قه‌رزاری گه‌وره‌كه‌میت؟“
6
«گوتی: ”سه‌د هیزه‌ زه‌یتی زه‌یتوون.[a]
«ئه‌ویش پێی گوت: ”پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و دانیشه‌، خێرا بنووسه‌ په‌نجا.“
7
«به‌وی دیكه‌ی گوت: ”تۆ چه‌ندت له‌سه‌ره‌؟“
«گوتی: ”سه‌د ڕبه‌ گه‌نم.“
«پێی گوت: ”پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و بنووسه‌ هه‌شتا.“
8
«جا گه‌وره‌كه‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌ركاره‌ ناپاكه‌كه‌ی كرد كه‌ ژیرانه‌ جوڵایه‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكانی دنیایی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی وه‌ك خۆیان له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا گه‌لی پیرۆز ژیرترن.
9
منیش پێتان ده‌ڵێم: به‌ سامانی ئه‌م دنیایه‌[b] دۆستی خۆتان دروستبكه‌ن، تاكو ئه‌گه‌ر نه‌ما، خودا له‌ ماڵی هه‌تاهه‌تایی پێشوازیتان لێ بكات.»
10
«ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ده‌ستپاكه‌ له‌ زۆریش ده‌ستپاكه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ناپاكه‌ له‌ زۆریش ناپاكه‌.
11
ئه‌گه‌ر له‌ سامانی ئه‌م دنیایه‌ ده‌ستپاك نه‌بن، كێ سامانی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ ئێوه‌ ده‌سپێرێت؟
12
ئه‌گه‌ر له‌ شتی خه‌ڵكی ده‌ستپاك نه‌بن، كێ شتی خۆیتان ده‌داتێ؟
13
«خزمه‌تكار نییه‌ بتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ئێوه‌ش ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن.»
14
فه‌ریسییه‌كانیش كه‌ پاره‌یان خۆشده‌ویست، گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوو، گاڵته‌یان پێكرد.
15
پێی فه‌رموون: «له‌نێو خه‌ڵكدا خۆتان به‌ بێتاوان ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام خودا دڵتان ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی پایه‌داره‌، لای خودا قێزه‌ونه‌.
16
«ته‌ورات و په‌یامی پێغه‌مبه‌ران هه‌تا هاتنی یه‌حیا ڕاگه‌یه‌نران، له‌و كاته‌ به‌ولاوه‌ مزگێنی پاشایه‌تی خودا ده‌درێت و هه‌موو كه‌سێك تێده‌كۆشێت بچێته‌ ناوی.[c]
17
به‌ڵام نه‌مانی زه‌وی و ئاسمان ئاسانتره‌ له‌ كه‌وتنی خاڵێكی ته‌ورات.
ته‌ڵاقدان 
18
«ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، داوێنپیسی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌ڵاقدراوێك ده‌هێنێت داوێنپیسی ده‌كات.
نموونه‌ی هه‌ژارێك و ده‌وڵه‌مه‌ندێك 
19
«پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌بوو، جلی ئه‌رخه‌وانی و كه‌تانی ناسكی له‌به‌ر ده‌كرد و هه‌موو ڕۆژێكی به‌ خۆشی ڕاده‌بوارد.
20
هه‌ژارێكیش ناوی له‌عازر بوو، له‌ به‌رده‌رگاكه‌ی كه‌وتبوو، هه‌موو جه‌سته‌ی برین بوو،
21
په‌رۆش بوو له‌و به‌رماوه‌یه‌ تێربێت كه‌ له‌ خوانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌گیش ده‌هاتن برینه‌كانیان ده‌لێسته‌وه‌.
22
«ئیتر هه‌ژاره‌كه‌ مرد و فریشته‌ بۆ باوه‌شی ئیبراهیم هه‌ڵیانگرت. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ش مرد و نێژرا.
23
له‌ جیهانی مردووان[d] سه‌ری هه‌ڵبڕی و ئازاری ده‌چێژت، له‌ دووره‌وه‌ ئیبراهیمی بینی و له‌عازری له‌ باوه‌ش بوو.
24
هاواری كرد: ”باوكه‌ ئیبراهیم، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌، له‌عازر بنێره‌ تاكو سه‌ری په‌نجه‌ی به‌ ئاو ته‌ڕ بكات و زمانم فێنك بكاته‌وه‌، وا له‌ناو ئه‌م گڕه‌دا ئازار ده‌چێژم.“
25
«ئیبراهیم گوتی: ”كوڕم، له‌بیرته‌ له‌ ژیانتدا شته‌ باشه‌كانی خۆتت وه‌رگرت و له‌عازریش شته‌ خراپه‌كان. به‌ڵام ئێستا وا لێره‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێت و تۆش ئازار ده‌چێژیت.
26
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان ئێمه‌ و ئێوه‌دا دانراوه‌، تاوه‌كو ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ لێره‌وه‌ بۆ لاتان بێن نه‌توانن و كه‌سیش له‌وێوه‌ بۆ لای ئێمه‌ نه‌په‌ڕێته‌وه‌.“
27
«ئه‌ویش گوتی: ”كه‌واته‌ باوكه‌، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌عازر بنێره‌ بۆ ماڵی باوكم،
28
چونكه‌ پێنج برام هه‌یه‌، تاكو ئاگاداریان بكاته‌وه‌، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش بۆ ئه‌م شوێنی ئازاردانه‌ بێن.“
29
«به‌ڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغه‌مبه‌رانیان[e] هه‌یه‌، با گوێ له‌وان بگرن.“
30
«ئه‌ویش گوتی: ”نه‌خێر باوكه‌ ئیبراهیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ناو مردووانه‌وه‌ بچێته‌ لایان، ئه‌وا تۆبه‌ ده‌كه‌ن.“
31
«پێی گوت: ”ئه‌گه‌ر گوێ له‌ موسا و پێغه‌مبه‌ران نه‌گرن، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ناو مردووانیش هه‌ستێته‌وه‌، قه‌ناعه‌تیان پێ نایێت.“»
  1. a. 16‏:6 نزیكه‌ی سێ هه‌زار لیتر.
  2. b. 16‏:9 یۆنانی: سامانی ناڕه‌وا.
  3. c. 16‏:16 بڕوانه‌ \+xt مه‌تا 11‏:12‏\+xt*‏.
  4. d. 16‏:23 یۆنانی: \+tl هادیس\+tl*، بڕوانه‌ \+xt مه‌تا 11‏:23‏\+xt*‏.
  5. e. 16‏:29 پێغه‌مبه‌رانی په‌یمانی كۆن.