عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نموونەی سەرکاری ناپاک
 - 1
 - هەروەها عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «کابرایەکی دەوڵەمەند سەرکارێکی هەبوو، سکاڵای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی لەسەری پێگەیشت.
 - 2
 - کابرای دەوڵەمەند بانگی کرد و لێی پرسی: ”ئەمە چییە لەسەر تۆ دەیبیستمەوە؟ بڕۆ حیسابی سەرکارییەکەت بکە و بیخە بەردەستم، چونکە ئیتر ناتوانیت سەرکار بیت.“
 - 3
 - «سەرکارەکە بە خۆی گوت: ”چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرکارییەکەم لێ دەسەنێتەوە؟ ناتوانم زەوی بکێڵم و شەرمیش دەکەم سواڵ بکەم.
 - 4
 - بەڵام دەزانم چی دەکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرکارییەکە دەرکرام، خەڵکی لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێ بکەن.“
 - 5
 - «جا هەریەکە لە قەرزارەکانی گەورەکەی بانگکرد. بە یەکەمیانی گوت: ”چەند قەرزاری گەورەکەمیت؟“
 - 6
 - «گوتی: ”سەد هیزە زەیتی زەیتوون.[a] “
«ئەویش پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و دانیشە، خێرا بنووسە پەنجا.“ - 7
 - «بەوی دیکەی گوت: ”تۆ چەندت لەسەرە؟“
«گوتی: ”سەد ڕبە گەنم.“
«پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و بنووسە هەشتا.“ - 8
 - «جا گەورەکە ستایشی سەرکارە ناپاکەکەی کرد کە ژیرانە جوڵایەوە، جا ئەو خەڵکانەی ئەم جیهانەیان هەڵبژاردووە، لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاوشێوەکانیاندا لە گەلی پیرۆزی خودا ژیرترن.
 - 9
 - منیش پێتان دەڵێم: بە سامانی ئەم دنیایە[b]  دۆستی خۆتان دروستبکەن، تاکو ئەگەر نەما، خودا لە ماڵی هەتاهەتایی پێشوازیتان لێ بکات.
 - 10
 - «ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم ناپاکە لە زۆریش ناپاکە.
 - 11
 - ئەگەر لە سامانی ئەم دنیایە دەستپاک نەبن، کێ سامانی ڕاستەقینەی بە ئێوە دەسپێرێت؟
 - 12
 - ئەگەر لە شتی خەڵکی دەستپاک نەبن، کێ شتی خۆیتان دەداتێ؟
 - 13
 - «خزمەتکار نییە بتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»
 - 14
 - فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد.
 - 15
 - عیساش پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە.
 - 16
 - «تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی.[c]
 - 17
 - بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات.
 - تەڵاقدان
 - 18
 - «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات.
 - نموونەی هەژارێک و دەوڵەمەندێک
 - 19
 - «پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد.
 - 20
 - هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو،
 - 21
 - پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە.
 - 22
 - «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا.
 - 23
 - لە جیهانی مردووان[d] سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو.
 - 24
 - هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“
 - 25
 - «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت.
 - 26
 - سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“
 - 27
 - «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم،
 - 28
 - چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“
 - 29
 - «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان[e]  هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“
 - 30
 - «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“
 - 31
 - «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»
 
- a. 16:6 نزیکەی سێ هەزار لیتر.
 - b. 16:9 یۆنانی: سامانی ناڕەوا.
 - c. 16:16 بڕوانە مەتا 11:12.
 - d. 16:23 یۆنانی: \+tl هادیس\+tl*، بڕوانە مەتا 11:23.
 - e. 16:29 پێغەمبەرانی پەیمانی کۆن.
 

