عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە
 - 1
 - ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممەدا کاتێک عیسا بۆ نانخواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرکردە فەریسییەکان، ئەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد.
 - 2
 - پیاوێکیش کە نەخۆشی ئاوبەندی هەبوو لە بەرامبەری بوو.
 - 3
 - عیسا لە تەوراتناس و فەریسییەکانی پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوە دروستە یان نا؟»
 - 4
 - ئەوان بێدەنگ بوون. ئەویش کابرای گرت و چاکیکردەوە و بەڕێی کرد.
 - 5
 - پێی فەرموون: «کامەتان کوڕەکەی یان گایەکەی لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە بیرەوە دەستبەجێ دەریناهێنێت؟»
 - 6
 - نەیانتوانی هیچ وەڵامێکی بدەنەوە.
 - نموونەی بانگهێشتکراوان
 - 7
 - کاتێک تێبینی کرد چۆن بانگهێشتکراوان ڕیزی پێشەوە دەگرن، نموونەیەکی هێنایەوە و فەرمووی:
 - 8
 - «کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت.
 - 9
 - ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت.
 - 10
 - بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت.
 - 11
 - بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»
 - 12
 - ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە.
 - 13
 - بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە.
 - 14
 - خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»
 - نموونەی شێوە گەورەکە
 - 15
 - یەکێک لە میوانەکان ئەمەی بیست و گوتی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە شانشینی خودا نان دەخوات.»
 - 16
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «کابرایەک شێوێکی گەورەی ئامادە کرد و خەڵکێکی زۆری بانگهێشت کرد.
 - 17
 - لە کاتی نانخواردندا کۆیلەیەکی خۆی نارد تاکو بە بانگهێشتکراوان بڵێت: ”فەرموون، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە.“
 - 18
 - «بەڵام هەموو وەک یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: ”کێڵگەیەکم کڕیوە و پێویستە بڕۆم بیبینم، تکایە لێم ببورە.“
 - 19
 - «یەکێکی دیکە گوتی: ”پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم بزانم چۆنن، تکایە لێم ببورە.“
 - 20
 - «یەکێکی دیکەشیان گوتی: ”ژنم هێناوە، لەبەر ئەوە ناتوانم بێم.“
 - 21
 - «کۆیلەکەش هاتەوە و ئەمانەی بە گەورەکەی ڕاگەیاند. خاوەن ماڵ تووڕە بوو و بە کۆیلەکەی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژار و پەککەوتە و کوێر و شەلەکان بهێنە ئێرە.“
 - 22
 - «پاش ماوەیەک کۆیلەکە گەڕایەوە و گوتی: ”گەورەم ئەوەی فەرمانت دا کرا، هێشتا شوێن ماوە.“
 - 23
 - «گەورەکە بە کۆیلەکەی گوت: ”بڕۆ دەرەوە بۆ ڕێگا و ڕێچکەکان بە زۆر خەڵک بهێنە ژوورەوە، تاکو ماڵەکەم پڕبێت.
 - 24
 - پێتان دەڵێم، لەوانەی بانگهێشت کرابوون کەس تامی شێوەکەم ناکات.“»
 - بەهای شوێنکەوتنی عیسا
 - 25
 - خەڵکێکی زۆر لەگەڵ عیسا دەڕۆیشتن بە ڕێگادا، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن:
 - 26
 - «ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی[a] لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
 - 27
 - ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
 - 28
 - «کێ لە ئێوە ئەگەر بیەوێت قوللەیەک دروستبکات، یەکەم جار دانانیشێت و خەرجییەکەی ناخەمڵێنێت، ئاخۆ ئەوەندەی هەیە بۆ تەواوکردنی؟
 - 29
 - نەوەک بناغەکەی دابنێت و نەتوانێت تەواوی بکات، ئەوسا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێ دەکەن،
 - 30
 - دەڵێن: ”ئەم پیاوە دەستی بە بینا دروستکردن کرد و نەیتوانی تەواوی بکات.“
 - 31
 - «یان چ پاشایەک دەچێتە شەڕی پاشایەکی دیکە و یەکەم جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناکات، ئایا بە دە هەزار کەسەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە کە بە بیست هەزارەوە دێتە سەری؟
 - 32
 - ئەگینا خۆ تاکو دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێت و داوای ئاشتی دەکات.
 - 33
 - بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.
 - 34
 - «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟
 - 35
 - ئەوسا نە بەکەڵکی زەوی دێت و نە بەکەڵکی پەیین دێت، بەڵکو فڕێدەدرێتە دەرەوە.
«ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.» 
- a. 14:26 مەبەستی لەوەیە عیسای لە دایک و باوکی خۆشتربوێت، بڕوانە مەتا 10:37.
 

