عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سزادان بۆ گوناه
 - 1
 - هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
 - 2
 - «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی[a] بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن.
 - 3
 - منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت.
 - 4
 - ئەگەر خەڵکی ناوچەکە چاوپۆشییان لەو کەسە کرد، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخ بەخشی، ئینجا نەیانکوشت،
 - 5
 - ئەوا من ڕووی خۆم لەو کەسە و لە ماڵەکەی وەردەگێڕم و لەنێو گەلەکەیان دەیانبڕمەوە. هەمان شت بەوانەش دەکەم کە لە ڕێگەی پەرستنی مۆلەخەوە، لەشفرۆشیی ڕۆحی دەکەن.
 - 6
 - «”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر[b]  و ڕۆح ئامادەکار تاکو بە شوێنکەوتنیان لەشفرۆشیی ڕۆحی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.
 - 7
 - «”خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
 - 8
 - فەرزەکانم بەجێبهێنن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم کە پیرۆزتان دەکات.
 - 9
 - «”هەرکەسێک نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت، نەفرەتی لە باوکی یان دایکی کردووە، خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی.
 - 10
 - «”ئەگەر پیاوێک داوێنپیسی لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکەدا کرد، کە ژنی نزیکەکەیەتی، ئەوا پیاوەکە و ژنەکەش دەبێت بکوژرێن.
 - 11
 - «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی باوکی بردووە، هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
 - 12
 - «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنی کوڕەکەی جووت بوو، ئەوا هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان کردووە، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
 - 13
 - «”ئەگەر پیاوێک وەک ژن لەگەڵ نێرێک ڕاکشا بوو، ئەوا هەردووکیان شتێکی قێزەونیان کردووە و دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
 - 14
 - «”ئەگەر پیاوێک ئافرەتێک لەگەڵ دایکەکەی بخوازێت، ئەوە بەدکارییە، پیاوەکە و هەردوو ژنەکە دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێن، هەتا بەدکاری لەنێوتاندا نەبێت.
 - 15
 - «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئاژەڵێکدا جووت بوو، دەبێت پیاوەکە بکوژرێت و ئاژەڵەکەش بکوژرێت.
 - 16
 - «”ئەگەر ئافرەتێک لە ئاژەڵێک نزیک بووەوە بۆ جووتبوون، ئەوا ئافرەتەکە و ئاژەڵەکەش بکوژن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
 - 17
 - «”ئەگەر پیاوێک خوشکی خۆی هێنا، کچی باوکی یان کچی دایکی و لەگەڵ یەک جووت بوون، ئەوا ڕیسواییە، دەبێت لەبەرچاوی گەلەکەیان ببڕدرێتەوە، ناموسی خوشکی خۆی بردووە، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
 - 18
 - «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێک جووت بوو لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی، ئەوا دەبێت هەردووکیان لە گەلەکەیان داببڕدرێن، چونکە پیاوەکە خوێنلێچوونی ئافرەتەکەی ئاشکرا کردووە و ئافرەتەکەش خوێنلێچوونی خۆی ئاشکرا کردووە.
 - 19
 - «”لەگەڵ خوشکی باوکت یان خوشکی دایکت جووت مەبە، ئەوەی وا بکات، ئەوا هەردووکیان تاوانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ناموسی کەسوکاری خۆی بردووە.
 - 20
 - «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ مامۆژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی مامی خۆی بردووە، هەردووکیان تاوانیان لە ئەستۆ دەبێت، دەبێت بە وەجاخکوێری بمرن.
 - 21
 - «”ئەگەر پیاوێک براژنی خۆی هێنا ئەوا گڵاوییە، ناموسی براکەی بردووە، دەبێت هەردووکیان وەجاخکوێر بن.
 - 22
 - «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە نەتانڕشێنێتەوە کە بۆ نیشتەجێبوون دەتانهێنمە ناوی.
 - 23
 - بە ڕێی نەریتی ئەو نەتەوانەدا مەڕۆن کە من لەپێشتانەوە دەریاندەکەم، چونکە هەموو ئەم شتانەیان کرد، جا ڕقم لێیان بووەوە.
 - 24
 - بەڵام بە ئێوەم فەرموو کە دەبنە خاوەنی خاکەکەیان، من دەیدەمە ئێوە هەتا ببنە میراتگری، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لەنێو گەلان جیای کردنەوە.
 - 25
 - «”لەبەر ئەوە ئێوەش ئاژەڵی پاک و گڵاو لە یەکتر جیا بکەنەوە، هەروەها باڵندەی گڵاو و پاکیش، جا خۆتان گڵاو مەکەن بە ئاژەڵ و باڵندە و هەموو ئەوەی لەسەر زەوی دەخشێت، لەوانەی بۆم جیا کردنەوە، گوتم، گڵاون.
 - 26
 - دەبێت بۆ من پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، من یەزدانم، ئێوەم لەنێو گەلان جیا کردەوە هەتا بۆ من بن.
 - 27
 - «”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»
 
- a. 20:2 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 28:3.
 - b. 20:6 نێوانگر: لێرە و لە ئایەتی 27 بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوو. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28:3،7،9.
 

