عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاسا جۆراوجۆره‌كان 
1
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو:
2
«له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ده‌بێت پیرۆز بن، چونكه‌ من پیرۆزم، یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
3
«”هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌، ده‌بێت ڕێزی دایك و باوكی خۆی بگرێت و شه‌ممه‌كانم بپارێزن، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
4
«”ئاوڕ له‌ بت مه‌ده‌نه‌وه‌ و خوداوه‌ندی له‌قاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمه‌كه‌ن، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
5
«”كاتێك قوربانییه‌كی هاوبه‌شی بۆ یه‌زدان سه‌رده‌بڕن، با به‌ شێوه‌یه‌ك بێت له‌به‌رده‌م یه‌زدان قبوڵ بێت،
6
ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ری ده‌بڕن ده‌یخۆن له‌گه‌ڵ ڕۆژی پاشتر. ئه‌وه‌ی لێی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ڕۆژی سێیه‌م، ده‌بێت به‌ ئاگر بسووتێنرێت.
7
ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا بخورێت، ئه‌وه‌ گڵاوه‌ و قبوڵ نییه‌.
8
ئه‌وه‌ی لێی بخوات ئه‌وا تاوانی خۆی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، چونكه‌ شتێكی پیرۆزی یه‌زدانی گڵاو كردووه‌، جا ئه‌و كه‌سه‌ له‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌بڕدرێته‌وه‌.
9
«”كاتێك دروێنه‌ی زه‌وییه‌كانتان ده‌كه‌ن، لێواره‌كانی كێڵگه‌كه‌ت مه‌دوره‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دروێنه‌كه‌ ده‌كه‌وێت، هه‌ڵیمه‌گره‌وه‌،
10
پاشماوه‌ی هێشووه‌ ترێیه‌كان له‌ مێوه‌كه‌ت مه‌كه‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێت هه‌ڵیمه‌گره‌وه‌، بۆ هه‌ژار و نامۆی به‌جێبهێڵه‌. من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
11
«”مه‌دزن.
«”درۆ مه‌كه‌ن.
«”فێڵ له‌ یه‌كتری مه‌كه‌ن.
12
«”به‌ درۆ سوێند به‌ ناوی من مه‌خۆن، چونكه‌ ناوی خوداكه‌ت ده‌زڕێنیت، من یه‌زدانم.
13
«”نزیكه‌كه‌ت فریومه‌ده‌ و تاڵانی مه‌كه‌.
«”كرێی كرێگرته‌ش له‌لای خۆت بۆ به‌یانی مه‌هێڵه‌وه‌.
14
«”نه‌فره‌ت له‌ كه‌ڕ مه‌كه‌ و كۆسپ مه‌خه‌ره‌ به‌رده‌م نابینا، به‌ڵكو له‌ خودات بترسه‌، من یه‌زدانم.
15
«”له‌ دادوه‌ریدا سته‌م مه‌كه‌ن، نه‌ لایه‌نگری هه‌ژار بكه‌ن و نه‌ پشتی كه‌سی مه‌زن بگرن، به‌ڵكو به‌ دادپه‌روه‌ری حوكمی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بده‌.
16
«”له‌نێوان خه‌ڵكی قسه‌ مه‌هێنه‌ و مه‌به‌.
«”مه‌به‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی نزیكه‌كه‌ت، من یه‌زدانم.
17
«”له‌ دڵه‌وه‌ ڕقت له‌ براكه‌ت نه‌بێته‌وه‌، ڕاشكاوانه‌ دراوسێكه‌ت سه‌رزه‌نشت بكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ گوناهی نه‌كه‌یت.
18
«”تۆڵه‌ مه‌ستێنه‌وه‌ و قین له‌ دڵ مه‌به‌ به‌رامبه‌ر كوڕی گه‌له‌كه‌ت، به‌ڵكو نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆشبوێت. من یه‌زدانم.
19
«”فه‌رزه‌كانم به‌جێبهێنن.
«”دوو جۆری جیا له‌ ئاژه‌ڵه‌كانت پێكه‌وه‌ جووت مه‌كه‌.
«”دوو جۆر تۆو له‌ كێڵگه‌كه‌ت مه‌ڕوێنه‌.
«”با جلێكت له‌به‌ر نه‌بێت كه‌ دوو جۆر بێت.
20
«”ئه‌گه‌ر پیاوێك له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك جووت بوو، ئه‌ویش كه‌نیزه‌یه‌كی ماره‌بڕ بوو بۆ پیاوێكی دیكه‌، به‌ڵام نه‌كڕابووه‌وه‌ و ئازاد نه‌كرابوو، پێویسته‌ سزایه‌كی گونجاو بدرێت. كه‌سیان ناكوژرێت، چونكه‌ ئافره‌ته‌كه‌ ئازاد نه‌كراوه‌.
21
ده‌بێت پیاوه‌كه‌ قوربانییه‌ك بۆ تاوانه‌كه‌ی بۆ لای یه‌زدان بهێنێته‌ ده‌روازه‌ی چادری چاوپێكه‌وتن، به‌رانێك وه‌ك قوربانی تاوان.
22
جا كاهینه‌كه‌ به‌ به‌رانی قوربانی تاوانه‌كه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان كه‌فاره‌تی بۆ ده‌كات له‌ گوناهه‌كه‌ی كه‌ كردوویه‌تی، جا له‌و گوناهه‌ی كردوویه‌تی لێخۆشبوونی بۆ ده‌بێت.
23
«”كاتێك چوونه‌ ناو خاكه‌كه‌[a] و هه‌ر دارێكتان بۆ خواردن ڕواند، ئه‌وا به‌ره‌كه‌ی به‌ قه‌ده‌غه‌كراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و لێی ناخورێت،
24
له‌ ساڵی چواره‌میش هه‌موو به‌روبوومه‌كه‌ی ته‌رخانكراو ده‌بێت بۆ شكۆداركردنی یه‌زدان،
25
به‌ڵام له‌ ساڵی پێنجه‌مدا به‌ره‌كه‌ی بخۆن، هه‌تا داهاتی بۆتان زیاد بكات، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
26
«”هه‌ر گۆشتێك به‌ خوێنه‌وه‌ بوو مه‌یخۆن.
«”فاڵ مه‌گرنه‌وه‌ و جادووگه‌ری مه‌كه‌ن.
27
«”لاته‌نیشته‌كانی سه‌رتان مه‌تاشن و ده‌ستكاری دوو لای ڕیشتان مه‌كه‌ن.
28
«”بۆ مردوو خۆتان بریندار مه‌كه‌ن، نه‌خش له‌ له‌شی خۆتان مه‌كوتن، من یه‌زدانم.
29
«”كچه‌كه‌ت سووك مه‌كه‌، به‌وه‌ی بیكه‌یت به‌ له‌شفرۆش، نه‌وه‌ك خاكه‌كه‌ پڕ بێت له‌ له‌شفرۆشی و به‌دڕه‌وشتی.
30
«”شه‌ممه‌كانم بپارێزن و ڕێز له‌ پیرۆزگاكه‌م بگرن، من یه‌زدانم.
31
«”مه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای نێوانگر[b] و به‌دوای ڕۆح ئاماده‌كاردا[c] مه‌گه‌ڕێن، پێیان گڵاو ده‌بن، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
32
«”له‌به‌ر ڕیش سپی هه‌سته‌ و ڕێزی پیر بگره‌ و له‌ خودات بترسه‌، من یه‌زدانم.
33
«”ئه‌گه‌ر نامۆیه‌ك هاته‌ خاكه‌كه‌تان، سته‌می لێ مه‌كه‌ن،
34
وه‌ك هاوڵاتییه‌ك ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ بكه‌ن، وه‌ك خۆتت خۆشبوێت، چونكه‌ ئێوه‌ش له‌ خاكی میسر نامۆ بوون، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم.
35
«”ساخته‌كاری مه‌كه‌ن، نه‌ له‌ ئه‌ندازه‌ی پێوانه‌ و نه‌ له‌ كێش و نه‌ له‌ بڕ،
36
ده‌بێت ته‌رازووی ڕاست و كێشانه‌ی ڕاست و ئێفه‌ی[d] ڕاست و هه‌ینی[e] ڕاستتان هه‌بێت، من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم كه‌ له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنان.
37
«”هه‌موو فه‌رزه‌كانم به‌جێبهێنن و یاساكانم په‌یڕه‌و بكه‌ن و جێبه‌جێیان بكه‌ن، من یه‌زدانم.“»
  1. a. 19‏:23 مه‌به‌ست له‌ خاكی به‌ڵێنپێدراوه‌.
  2. b. 19‏:31 لێره‌ به‌و واتایه‌ دێت، كه‌سێكه‌ كه‌ گوایه‌ هۆی په‌یوه‌ندی ڕێكخه‌ره‌ له‌نێوان خه‌ڵكی مردوو و زیندوو. بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 28‏:3‏،7‏،9.‏\+xt*‏
  3. c. 19‏:31 به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ ڕۆح ئاماده‌ ده‌كات. بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 28‏:3 و 8‏–9.‏\+xt*‏
  4. d. 19‏:36 ئێفه‌ پێوانه‌ی وشك بوو.
  5. e. 19‏:36 هه‌ین پێوانه‌ی شله‌مه‌نی بوو.